بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ئیدارەی ڕاپەڕین
هۆشداریی توند دەدات لە بارەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ڕایدەگەیەنێت، هیچ جۆرە
چاوپۆشییەک بۆ ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە ناکەن و ڕاستەوخۆ دەستیان بەسەردا دەگرن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، هاتوچۆی ڕاپەڕین
بڵاویکردەوە، دیاردەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە تەنها سەرپێچییەکی هاتوچۆ نییە،
بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بۆیە مەفرەزەکانیان
ڕاسپاردووە بە توندترین شێوەی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا بکەن و دەستیان
بەسەردا بگرن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،
سەلامەتیی گشتیی هاوڵاتیان هێڵی سوورە و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت بەهۆی لێخوڕینی
بێ مۆڵەت یان دروستکردنی دەنگی نائاسایی، ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە و ئارامیی
شەقامەکان تێکبدات، هەر کەسێکیش ئەو سنوورانە ببەزێنێت، ڕووبەڕووی سزایەکی قورس و
بێ گەڕانەوە دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش
کردووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری سنوورەکان و ناو شارەکان، پلانێکی تۆکمەیان لەگەڵ
هێزە ئەمنییەکان داڕشتووە، تاوەکو یاسا ببێتە تاکە حاکم لەسەر شەقامەکان و ئاسایش
و سەلامەتیی خەڵک بپارێزرێت
768 جار خوێندراوەتەوە