دەیان فڕۆکەی سەربازی و هەزاران سەربازی ئەمریکی دەگەنە ناوچەکە

KNN : Kurdish News Network
09:44 - 23/04/2026
جیهان
+
-

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پردێکی ئاسمانی بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەکی ئیسرائیل پێکهێناوە و، دەیان فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن نیشتوونەتەوە.

 

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، پردە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بەمەبەستی پڕکردنەوەی کۆگاکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلە بە تەقەمەنی و موشەک، تاوەکو بۆ هەر ئەگەرێکی نوێی تێکهەڵچوون و دەستپێکردنەوەی شەڕ ئامادەبن.

 

هاوکات لەگەڵ ئەو هاوکارییە ئاسمانییانە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی (یو ئێس ئێس جۆرج بوش) بگاتە ناوچەکە، کە 100 فڕۆکەی جەنگی و شەش هەزار سەربازی ئەمریکی لەسەرە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونە بنبەست و بەرپرسانی تاران نایشارنەوە، کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەر لە دژی وڵاتەکەیان زۆرە.

146 جار خوێندراوەتەوە