سەرۆکی
ئۆکرانیا هۆشداری دەدات لە لێکەوتەکانی شەڕ لە ئێران و دەڵێت، ئەو جەنگە دەبێتە
هۆی بەهێزبوونی ڕووسیا و ماندووبوونی ئەمریکا، هاوکات مەترسییەکی گەورەش لەسەر
یەدەگی وزەی ئەوروپا دروست دەکات.
ڤۆلۆدیمیر
زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە گرژییەکانی پەیوەست بە
ئێرانەوە ئاماژەی بەوە کرد، شەڕ لەو وڵاتەدا ململانێکان فراوانتر دەکات و دەبێتە
هۆی سەرهەڵدانی هێرش و پەلاماری بەرفراوانتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵات.
زێلێنسکی باسی
لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ئەو جەنگە بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە
دروستبوونی ئەو ئاڵۆزییانە، دەستگەیشتنی ئۆکرانیا بە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی
سنووردار دەکات و کۆت و بەندی دەخاتە سەر.
ماوەی چوارساڵە
ئۆکرانیا بە پاڵپشتی ئەمریکا و ئەوروپا لە شەڕێکی قورسدایە لەگەڵ رووسیا و
لەئێستادا بەشێک لە خاکەکەی لەدەستداوە و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە بێ
ئاکام بوون و بەهۆی شەڕی ئێران و ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر ئەو شەڕە،
چارەنووسی پشتیوانییەکانیان بۆ کیێڤ ناڕوونە.
79 جار خوێندراوەتەوە