ئاسۆی ناڕوونی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا؛ ئایا شەڕ دەستپێدەکاتەوە؟

KNN : Kurdish News Network
09:06 - 21/04/2026
جیهان
+
-

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاگربەست درێژناکرێتەوە، هاوکات ئێرانیش هۆشداری دەدات لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان و شکستهێنانی دانوستانەکان، هەرچی نێوەندگیرە پاکستانیەکانن گەشبینن بەوەی ئەمجارە ئەو دوو وڵاتە دەگەنە رێککەوتن.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئاسۆی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە و گەیشتن بە رێککەوتن ناڕوونە.

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەست لە ئارادا نییە و درێژناکرێتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، غوڵامحسێن موحسی ئەژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە مەترسییەکانی قۆناغەکە کرد و ڕایگەیاند: لەوانەیە دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبن و لە دۆخێکی لەوجۆرەشدا "ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەمان ئەگەرێکی کراوەیە."

 

سەرباری هەموو ئەوانە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە پاکستانییەکانەوە بڵاویکردەوە، کە کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن و گفتوگۆکان بە گوێرەی خشتەی لەپێشدا ئامادەکراو ئەنجام دەدرێن.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، رەنگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئامادەی مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە بێت یاخود بە ئۆنلاین بەشدار بێت.

 

لە رۆژی 8ی نیسانەوە ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئەمریکا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و گەڕێکی دانوستان لە نێوان هەردوولا لە پاکستان بەڕێوەچوو، بەڵام پرسی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێران و چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دانوستانەکانی تا لێواری بنبەست بردووە.

96 جار خوێندراوەتەوە