پارێزگاری نەینەوا مەرزی نێودەوڵەتی ڕەبیعەی لەگەڵ سووریا کردەوە
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ دووشەممە، مەرزی نێودەوڵەتی ڕەبیعەی لەگەڵ وڵاتی سووریا بە ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کردەوە. کردنەوەی ئەم مەرزە دوای ئامادەکاریی تەواوی کادر و ستافەکانی دەستەی گومرگ دێت بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، مەرزەکە گرنگییەکی ئابووری، سیاسی و ئەمنیی گەورەی هەیە و وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و هەناردەکردنی نەوت بەکاردێت. هاوکات مەرزەکە دەبێتە ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی کاڵا تورکییەکان لە ڕێگەی خاکی سووریاوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە.
مەرزی رەبیعە لە دیوی عێراق دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا و لە دیوی سوریا دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە سەر بە ڕۆژئاوای کوردستان
34 جار خوێندراوەتەوە