ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی بە قۆناغێکی نوێ کردووە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێکان و دەیەوێت ببێتە پردی پەیوەندیی نێوان وڵاتان، ئاماژەی بەوەشکرد، کار دەکەن بۆ ئەوەی سووریا لە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانەوە بکەنە دەرفەتێکی مەزن بۆ وەبەرهێنانی بەردەوام.
لە میانی بەشداریکردنی لە دانیشتنێکی کراوەی پێنجەمین خولی کۆڕبەندی ئەنتاڵیا لە تورکیا، ئەحمەد شەرع ڕوونیکردەوە، قەیرانەکانی ناوچەکە قووڵن و پێویستیان بە چارەسەری استثنایی هەیە، بەڵام سووریا نایەوێت بچێتە بەرەی هیچ وڵاتێک دژی وڵاتێکی دیکە، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندییەکی نموونەیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، ڕووسیا، چین و وڵاتانی ئەوروپا هەبێت.
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ئێران بووەتەوە بەهۆی ئەوەی پشتیوانی لە ڕژێمی پێشوو دەکرد دژی گەل، لەگەڵ ئەوەشدا تێوەنەگلاوە لە ململانێی نێوان ئێران لەلایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە. هاوکات پێشوازی لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان و هیوای خواست ڕێڕەوی ڕووداوەکانی ناوچەکە بە ئاراستەیەکدا بڕوات کە شەڕ دووبارە نەبێتەوە.
شەرع باسی لە دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەشی کرد و وتی، گەلی سووریا لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئاوارەبوون، وێرانکارییەکی گەورە و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە زۆر ماندوو بووە، بۆیە دوورخستنەوەی لە هەر ململانێیەکی نوێ بڕیارێکی دروست و سروشتییە. لە بارەی بەرزاییەکانی جۆلانیشەوە دووپاتیکردەوە، هەر داننانێک بە مافی ئیسرائیل لەو ناوچەیە پووچەڵە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جۆلان بە خاکی داگیرکراوی سووریا دەناسێنێت.
29 جار خوێندراوەتەوە