مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی یان نانەوەی کێشە لە ناوچەکەدا نادات، بەڵام بە توندی بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکات. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە هێزە چەکدارەکانیان داستانێکی بێوێنەیان دژی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمارکردووە.
لە لێدوانێکدا، سەرۆک کۆماری ئێران باسی لەوە کرد: "دوژمنان پێیان وابوو دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا ئێران ملکەچ بکەن، بەڵام هێزە چەکدارەکانمان و گەلەکەمان بە توندی ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە بوونەوە." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی هەوڵە دیپلۆماسییە بەهێزەکانیانەوە، قەوارەی ئیسرائیل ناچار کرا ئاگربەست ڕابگەیەنێت و چیتر ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر لوبنان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکیان سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ پاکستان دەربڕی و وتی: "سوپاسی براکانمان لە پاکستان دەکەین کە بە دڵسۆزی و باوەڕەوە هەوڵدەدەن ڕێڕەوەکە بەرەو ئامانجەکانمان ئاراستە بکەن، لەگەڵ پاراستنی سەربەرزی و کەرامەتی وڵاتدا."
30 جار خوێندراوەتەوە