بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، ساڵیادی ئەنفال تەنها بە دانانی تاجەگوڵینە بەڕێوەدەچێت

KNN : Kurdish News Network
11:44 - 13/04/2026
کوردستان
+
-


ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو دۆخەی لە جیهان و ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ساڵیادی کارەساتی ئەنفال تەنها بە دانانی تاجەگوڵینە دەکرێتەوە و هیچ مەراسیمێکی گەورە بەڕێوە ناچێت، هاوکات داواکارن تەواوی ئەو کەسانەی هاوکاریی ڕژێمی بەعسیان کردووە، ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە


لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ، ئاسۆ بەکر، قائیمقامی چەمچەماڵ ڕایگەیاند: سەرەڕای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی مەراسیمێکی شایستە، بەڵام لەپێناو پاراستنی گیانی کەسوکاری ئەنفالکراوان بڕیاردراوە یادەکە تەنها بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفالکراوان بەڕێوەبچێت


قائیمقامی چەمچەماڵ داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، خواستەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێ بکەن، کە گرنگترینیان بە نێودەوڵەتیکردنی ناساندنی کارەساتەکە و خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاريانە. لەلای خۆشیەوە هابیل حاجی ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال، داوای لێبوردنی لە کەسوکاری قوربانییان کرد کە بەهۆی دۆخەکەوە ناتوانن مەراسیمێکی گەورە ڕێکبخەن


لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا و سەبارەت بە پرسی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە، ئاسۆ بەکر جەختی لەوە کردەوە، وەک ئیدارەی قەزاکە داواکارن تەواوی ئەو کەسانەی بە وشەیەکیش هاوکاریی ڕژێمی پێشوویان کردووە، بەتایبەت جاش و مستەشارەکان، دەستگیربکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن.


45 جار خوێندراوەتەوە