وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی کراوە، چەند بڕیار و ڕێنماییەکی نوێی بۆ ڕێکخستنی کاروباری نەخۆشخانەکان و بەشەکانی فریاکەوتن دەرکرد
بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی وەزیری تەندروستی لەسەرە، پێویستە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و بەشەکان خشتەی مانگانەی ئەرکەکان (ئیلتیزام) بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە جیاکاری دابڕێژن. هەروەها جەختکراوەتەوە کە پزیشکی نیشتەجێی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین دەبێت لە کاتی ئەرکەکانیاندا بە شێوەیەکی بەردەوام لەناو نەخۆشخانە بن و نابێت بە شێوەی (On Call) یان لە دەرەوەی نەخۆشخانە بن، بە تایبەت ئەو پزیشکانەی کە ڕۆژی ئەرکیانە نابێت لە کلینیکە تایبەتەکان و سەنتەرە ئەهلییەکاندا کار بکەن
لە بەشێکی تری ڕێنماییەکاندا، وەزارەتی تەندروستی بەکارهێنانی ئامێرەکانی وێنەگرتن و ڤیدیۆکردنی نەخۆش و ڕاوێژکردن بە مۆبایل و ڤایبەر و واتسئەپی قەدەغە کردووە، ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە نەخۆش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنینی بۆ بکرێت و چارەسەری بۆ دیاری بکرێت
هاوکات پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین بۆیان نییە ڕاوێژکاری بە تەلەفۆن لە پزیشکی نیشتەجێی پسپۆڕ وەربگرن، بەڵکو دەبێت پزیشکی پسپۆڕ خۆی لە لای نەخۆشەکە ئامادە بێت.
152 جار خوێندراوەتەوە