دواین هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە وێرانکاریی؛ وڵاتانی نێوەندگیر ئاگربەستێکی 45 ڕۆژە دەخەنە بەردەم ئەمریکا و ئێران

KNN : Kurdish News Network
09:20 - 06/04/2026
جیهان
+
-

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەگەڵ گروپێک لە نێوەندگیرە هەرێمییەکان، سەرقاڵی تاوتوێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنێکی ئەگەریین بۆ ئاگربەستێکی 45 ڕۆژە، کە ئامانج لێی ڕەخساندنی زەمینەیە بۆ کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگ. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە چڕانە لە کاتێکدایە کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان و وێرانکەر لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە لوتکە.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە پێشتر وادەیەکی 10 ڕۆژەی بۆ ئێران دیاری کردبوو، وادەکەی بۆ 20 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە و ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (بە کاتی واشنتن) وەک دوا مۆڵەت دەستنیشان کرد. ترەمپ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ڕایگەیاندووە: "دانوستانی قووڵ لە ئارادایە و هەلێکی باش هەیە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام ئەگەر نەگەینە ئەنجام، هەموو شتێک لەوێ تێکدەشکێنم و لەناوی دەبەم.



بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، دانوستانەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانی پاکستان، میسر و تورکیاوە بەڕێوەدەچن، هاوکات نامەی ڕاستەوخۆ لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاڵوگۆڕ کراون. پێشنیارە نوێیەکە لە دوو قۆناغ پێکدێت؛ قۆناغی یەکەم ئاگربەستێکی 45 ڕۆژەیە بۆ متمانەسازی، و لە قۆناغی دووەمدا گفتوگۆ لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز دەکرێت.



لایەنی ئێرانی بە نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندووە، نایانەوێت بکەونە ناو دۆخێکی هاوشێوەی غەززە یان لوبنان، کە ئاگربەست تەنها سەر کاغەز بێت و ئەمریکا و ئیسرائیل هەر کاتێک بیانوێت هێرش بکەنەوە، بۆیە داوای گەرەنتی جێگیر دەکەن. لە بەرانبەریشدا نێوەندگیرەکان هۆشدارییان داوەتە تاران کە 48 کاتژمێری داهاتوو دوا دەرفەتە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشێکی وێرانکەر کە ژێرخانی وزە و ئاوی وڵاتەکە دەکاتە ئامانج.



مەترسییەکان تەنها لەسەر ئێران نین، بەڵکو نێوەندگیرەکان نیگەرانن لەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل، وەڵامی توندی ئێرانی لێبکەوێتەوە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وڵاتانی کەنداو، ئەمەش ناوچەکە دەخاتە ناو قەیرانێکی بێوێنەی وزە و وێرانکارییەوە.

319 جار خوێندراوەتەوە