هیشام ڕیکابی: هیچ گۆڕانکارییەک لە بڕیاری کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نەکراوە

KNN : Kurdish News Network
09:09 - 28/02/2026
عێراق
+
-

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە سیاسییەکانی بەغداد و ناوەندە میدیاییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، ململانێی نێوان "چوارچێوەی هەماهەنگی" و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر پرسی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار.


دوای کۆبوونەوەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ "تۆم براک" نێردەی دۆناڵد ترەمپ لە بەغداد، ئێستا لایەنە شیعەکان چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی واشنتن دەکەن.


سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر لە توێتێکدا هەڕەشەی بڕینی هەموو هاوکارییەکانی بۆ عێراق کردبوو لە ئەگەری گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات، بەڵام هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێن ئەو هەڵوێستە "فەرمی" نییە.


عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاندووە کە گۆڕانکاریی گەورە لە هەڵوێستی ئەمریکادا دەبینن و هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ئەو وێنە چەقبەستووەی لەسەر مالیکی هەبوو بەردەوامن.


لە بەرامبەردا، هیشام ڕیکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالیکی جەختی کردووەتەوە کە هیچ پاشەکشەیەک لە کاندیدکردنی سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیان نییە و دەنگۆکانی دوورکەوتنەوەی بە "بێ بنەما" وەسف کرد.


ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نێردەکەی ئەمریکا هۆشداریی توندی داوەتە محەمەد شیاع سودانی کە ئەگەر مالیکی هەر پۆستێکی باڵا وەربگرێت، واشنتن لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە زنجیرەیەک سزای ئابوری و سیاسی بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، کە لە قۆناغی یەکەمدا کەسایەتییە نزیکەکانی ئێران دەگرێتەوە.

22 جار خوێندراوەتەوە