هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە فەرمی داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگی فشارەکانی بۆ سەر پارتی و یەکێتی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی پێش وادەی کۆبوونەوەکە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون.
ئیئتلافی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند: "داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین پەلە بکات لە دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە هەفتەی داهاتوودا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە تێپەڕاندنی وادە دەستوورییەکان و پەککەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت." ئیئتلافەکە هۆشداریشی داوە کە ئەگەر پەکخستنی پڕۆسەکە بەردەوام بێت، هەموو ڕێکارە دەستوورییەکان دەگرنەبەر بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی.
لەسەر هەمان پرس، مەحمود حەیانی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی بۆ ئەوەی بە زووترین کات دۆسیەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار یەکلا بکەنەوە. حەیانی ئاماژەی بەوەش کرد: "دوو ڕۆژی داهاتوو بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە چارەنووسساز دەبن، چونکە ئەمە ئیستحقاقێکی دەستووری بەپەلەیە و چیتر دواخستن هەڵناگرێت."
لە بەرامبەردا، وەفا محەمەد کەریم، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا لایەنە کوردییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن. ڕاشیگەیاند: "بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە هەفتەی داهاتوودا، بەندە بە ئەنجامی ئەو گفتوگۆ و نێوەندگیرییانەی کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە نێوان لایەنە کوردییەکان و هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجام دەدرێن."
181 جار خوێندراوەتەوە