پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئهمڕۆ هەینی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٦، لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە شاری ئەنقەرە، نوێترین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلانی بەبۆنەی یەکەم ساڵیادی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" ڕاگەیاند. پەیامەکە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی بووە لەگەڵ ئۆجەلان کە لە ١٦ی ئەم مانگەدا ئەنجامدراوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بانگەوازی ٢٧ی شوبات، وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بێماناکردنی چەک و هەڵبژاردنی ڕێگەی سیاسی. ڕایگەیاندووە: "ئێمە توانیمان قۆناغی یاخیبوونی نەرێنی تێپەڕێنین و ئێستا کاتی ئەوەیە بەرەو بنیادنانی پۆزەتیڤ هەنگاو بنێین. بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری تەنها هەنگاوێکی کردەیی نییە، بەڵکو پاکبوونەوەیەکی هزرییە لە توندوتیژی و گەڕانەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ چەمکی کۆمار."
سەبارەت بە پەیوەندیی کورد و تورک، ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە کە بێ کورد تورک نابێت و بێ تورکیش کورد نابێت، ئەمەش دیالێکتیکێکی مێژووییە کە دەبێت لەسەر بنەمای "کۆماری دیموکراسی" و یەکگرتنی دیموکراسییانە نوێ بکرێتەوە. هەروەها وەک وەفایەک بۆ هەوڵە سیاسییەکان، بە ڕێز و شەوقەوە یادی "سڕی سورەییا"ی کردووەتەوە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ئۆجەلان داوای گۆڕینی سیستمی هاوڵاتیبوون دەکات و دەڵێت: "پێویستە پەیوەندیی هاوڵاتی و دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە نەبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای ئازادیی بیروباوەڕ و ئایین و زمان بێت." هاوکات جەختی کردەوە کە هیچ سیستمێکی فیکری بێ دیموکراسی خۆی ناگرێت و ژنانیش بزوێنەری سەرەکیی ئەم وەرچەرخانە دیموکراسییەن.
ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوای بەکارهێنانی زمانێکی دوور لە "فەرماندەیی و دەسەڵاتخوازی" کرد و داوای لە هەموو لایەک کرد بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز لە ئەستۆ بگرن.
210 جار خوێندراوەتەوە