بەپێی بەدواداچونەکانی کەی ئێن ئێن، کێشەی کورتهێنانی 120 ملیار دینار لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا چارەسەر نەکراوە و ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ بەردەوامی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەپێی زانیارییەکان، ئەم کێشەیە لە دوای مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردووەوە سەریهەڵداوە و حکومەتی هەرێم دەڵێت: ناتوانین ئەو بڕە پارەیە کۆبکەینەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، حکومەتی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو و مانگی یەکی ئەمساڵدا، پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی "ئەمانەتی خەڵک" لە نێو بانکەکاندا. ئەم هەنگاوەش وەک فشارێکی دارایی توند لەسەر سیستمە بانکییەکە دەبینرێت.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات. شاندەکە پێشنیازێکی نوێیان پێیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو 120 ملیار دینارە تا ئەو کاتەی یاسای بودجە لە عێراق جێگیر دەکرێت، بەغدا مەرجی دابەشکردنی مووچەی بەستووەتەوە بە ڕەوانەکردنی پارەی داهاتی ناوخۆ لەلایەن هەرێمەوە.
هاوکات لە نووسراوێکی فەرمی بانکی ناوەندی هەرێمدا کە دەست پەیامنێری KNN کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست، خەرجی پڕۆژەکان ڕادەگیرێت. لە نووسراوەکەدا بە ڕاشکاوی هاتووە: "با ڕاستگۆ بین، پارە لەبەردەستدا نییە"، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ دۆخی دارایی ناوخۆ.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە، پەیامنێری KNN ئاشکرای کرد کە پرۆسەی وردبینی لیستەکان نزیکەی 10 ڕۆژ دەخایەنێت. ئەگەر تاوەکو 5ی مانگ هەرێم شایستە داراییەکان ڕەوانەی بەغدا بکات، پێشبینی دەکرێت لە نێوان 14 بۆ 16ی مانگی ئازار (واتە 3 بۆ 5 ڕۆژ پێش جەژنی نەورۆز) دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
1350 جار خوێندراوەتەوە