دەوڵەتی یاسا: لە چەند کاتژمێری داهاتودا چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری کۆتایی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران دەدات
هەواڵ:KNNC
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئهمڕۆ سێشەممە، هۆکارەکانی دەستگرتنی بە کاندیدکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەم هەڵوێستە پەیوەندی بە بەرژەوەندی شەخسییەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پاراستنی یەکڕیزیی بڕیاردان لەناو ماڵی شیعەو، لەچەند کتژمێری داهاتودا چوارچیوەی هەماهەنگی پێدەچێت بڕیار لەسەر کاندیدی تەواوفوقی بدەن و مالیکیش پێیەوە پابەند دەبێت.
سەڵاح بوشی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سووربوون لەسەر کاندیدکردنی مالیکی تەنها پێداگرییەکی شکڵی نییە، بەڵکو پابەندییەکی سیاسییە بۆ پاراستنی تهبایی و ڕێزگرتن لەو لێکتێگەیشتنانەی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەن." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پاراستنی یەکڕیزی لەم قۆناغەدا "پێویستییەکی نیشتمانییە" بۆ ڕێگریکردن لە هەر درزێکی سیاسی کە ببێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی دانوستانکاری لایەنەکان.
ئاماژەی بەوەشدا چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ و خێرا لە نێوان سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەبچێت، بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی کۆتایی؛ یان بەردەوامبوون لەسەر پاڵپشتیکردنی مالیکی، یان گەڕان بەدوای "کاندیدێکی تەوافوقی" کە بتوانێت ڕەزامەندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت.
بەلوشی دەشڵێت بە فەرمی سەرکردەکانی چوارچێوەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو بە شەخسی دەستبەرداری کاندیدبوونەکەی نابێت، بەڵام وتوویەتی: "ئەگەر سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری کشانەوەی کاندیدبوونم بدەن، من هیچ تێبینییەکم نابێت." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە مالیکی بڕیاری کۆتایی سپاردووە بە هاوپەیمانەکانی.
ئەو سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەشدا کە هێشتا ناکۆکییەکان لەناو ماڵی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەردەوامن، بەتایبەت لەبەرانبەر ئەو باس و خواسانەی کە دەڵێن "ڤیتۆی ئەمریکی" لەسەر گەڕانەوەی مالیکی هەیە. بەشێک لە سەرکردەکانی ناو چوارچێوە نیگەرانن لەوەی ئەم کاندیدکردنە ببێتە هۆی گۆشەگیرکردنی حکومەتی داهاتوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
385 جار خوێندراوەتەوە