تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاریی ئەو کۆبوونەوەیە و گفتوگۆیانەی خستە ڕوو کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەغدای پایتەخت ئەنجامی دابوون.
باراک لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "X"ـەوە ڕایگەیاند، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانیان بریتی بووە لە بونیادنانی داهاتوویەکی سیاسی و ئەمنی کە لەگەڵ "پلانی ئاشتیی ترەمپ" بۆ ناوچەکە بگونجێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن بایەخێکی تایبەت بە سەقامگیریی عێراق دەدات و پێیوایە هەبوونی سەرکردایەتییەکی کاریگەر لە بەغدا، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان.
ئەم سەردانە کتوپڕەی نێردراوی ترەمپ بۆ بەغدا، لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران چڕبوونەتەوە و عێراقیش وەک لایەنێکی سەرەکی لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا دەبینرێت.
125 جار خوێندراوەتەوە