ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق بە سەرکەوتوویی و بەبێ هیچ گرفتێکی ئەمنی ئەنجامدراوە. ئاماژە بەوەش دراوە کە مانەوەی ئەو چەکدارانە لە زیندانەکانی عێراقدا کاتی دەبێت.
سەعید جیاشی، ڕاوێژکاری کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا فەرمییەکان ڕایگەیاند؛ گواستنەوەی ئەو زیندانیانە لە سووریاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ پێداویستییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، بەتایبەت دوای ئەوەی لە چەند ناوچەیەکی سووریا ئاڵۆزی ئەمنی دروستبووە و مەترسی هەڵاتنی زیندانیان هەبووە.
جیاشی باسی لەوەش کرد کە پڕۆسەکە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەزگای دژەتیرۆر و بەشداریکردنی سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکان بووە. وتیشی: "پاراستن و کۆنترۆڵکردنی ئەم زیندانیانە لەناو عێراقدا گەرەنتییەکی زیاترە بۆ ئاسایش، وەک لەوەی لە شوێنێکی کراوەدا بن و ببنە مەترسی بۆ داهاتوو."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو بەرپرسە ئەمنییە جەختی کردەوە کە حکومەتی عێراق لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ئەو چەکدارانە ڕادەستی وڵاتەکانیان بکرێنەوە، کە سەر بە زیاتر لە 67 وڵاتی جیاوازن، و مانەوەیان لە عێراق تەنها ڕێکارێکی کاتییە.
66 جار خوێندراوەتەوە