ئەمڕۆ (15) ساڵ، بەسەر خۆپیشاندانەکانى (17)ى شوباتى ساڵى (2011)دا تێدەپەڕێت، تائێستاش كەیسی شەهیدانی خۆپیشاندانەكانی (17)ی شوبات و رۆژانی دوای لە دادگاكانی هەرێم داخراون، داواکارییەکانى خەڵکیش فراوانتربون و خزمتگوزارییەکان و ئازادییەکانیش پاشەکشێى گەورەیان کردووە.
یانزە ساڵ لەمەوبەر و رۆژی (17ی شوباتی ساڵی 2011 )، هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لە سەرای ئازادی ناوەڕاستى شارەکە خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا، دواتر خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمی دژ بە دەسەڵات بەرەو لقی چواری پارتی لە شەقامی سالم بەرێكەوتن و رووبەڕووبونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانانی لقی چوار دا دروستبوو، لە ئەنجامدا رێژوان عەلی بە فیشەكی پاسەوانانی لقی چوار گیانی لەدەستدا و چەندین كەسیش برینداربوون.
خۆپیشاندانەکان (63) رۆژ بەردەوام بوون
خۆپیشاندانەكانی (17)ی شوبات و رۆژانی دوای (63) رۆژبەردەوامی هەبوو، لەوماوەیەدا بەهۆی دروستبونی گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا و هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتی حەوت خۆپیشاندەر شەهیدکران و دەیان خۆپیشاندەر و هاوڵاتیش برینداربوون.
دوای تێپەڕبوونی (14) ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی (17)ی شوبات و رۆژانی دواییدا، هێشتا داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراوە، بەوتەی كەسوكاری شەهیدانی خۆپیشاندانەكان ئەو خۆپیشاندانانەی ساڵانە دوبارە دەبنەوە هەڵگری هەمان داواكاری و خواستی خۆپیشاندانەكانی (17)ی شوبات و رۆژانی دواین.
خۆپیشاندانەكان تەنها رۆژی (17)ی شوبات نەبوو، لە رۆژی (18)ی شوباتدا دووبارە خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە و رۆژی (19)ی شوبات دوو خۆپیشاندەر لە شاری سلێمانی بە ناوەكانی شێرزاد تەهاو سوركێو زاهیر بە فیشەكی هێزە ئەمنییەكان شەهیدکران.
لەدواى (19)ى مانگەوە، خۆپیشاندانەكان قەزا و ناحییەكانی سنوری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینی گرتەوە، رۆژی (25)ی شوبات گەرمیان ئەحمەد لە چەمچەماڵ و بیلال ئەحمەد لە كەلار بە گولـلەی پاسەوانانی لقی پارتی گیانیان شەهیدکرا، بۆ رۆژی دوای لە شاری سلێمانی ئومێد جەلال بە فیشەكی هێزە ئەمنییەكان شەهیدکرا.
خۆپیشاندەران چەندین داواكارییان رووبەڕووی دەسەڵات كردەوە، بۆیە رۆژی چواری ئازار پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر داواكاری خۆپیشاندەران كردووە، لە دانیشتنەكەدا بڕیاری ژمارە دووی دەركرد كە بەشێكی زۆری داوای خۆپیشاندەرانی لەخۆ گرتبوو.
رۆژی (18)ی نیسان (83) خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بریندار كران و رۆژی (19)ی نیسان بە هێزی چەكدار كۆتایی بە خۆپیشاندان هات، بۆ رێگری كردن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان هەڵمەتی دەستگیركردن دەستی پێكرد و ژمارەیەكی زۆر هێزی ئەمنی بە جلی سەربازی و مەدەنییەوە لە ناو شاری سلێمانی بڵاوەی پێكرا.
بڕیاری ژمارە دووی پەرلەمان بەرهەمی خوێنی خۆپیشاندەرانی (17)ی شوبات بوو كە بڕیارێكی گرنگبوو، هەموو چارەسەرەهەنوكەیی و ئایندەییەكانی تێدابوو، كە وای دەكرد هەموو كێشەكانمان چارەسەر بكرێت، بەڵام شاردرایەوە و جێبەجێ نەكرا و دەسەڵات جێبەجێكردنی بە زیانی خۆی دەزانی.
پەرلەمانی كوردستان رۆژی چواری ئازاری (2011) بڕیاری ژمارە دووی دەركرد، گرنگرتین خاڵەكانی بڕیارەكە بریتیبوون لە:
یەكەم: چاوپیاخشاندنەوە بە ڕەشنوسی دەستوری هەرێم.
دووەم: دابینكردنی پلانێكی تۆكمە بۆ سەربەخۆی دادوەری و سەروەری یاسا.
سێیەم: جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت.
چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی میلشیای حزب.
پێنجەم: گێڕانەوەی سەرجەم ماڵ و موڵكی گشتی و تایبەتی كە لەلایەن حزب و كەسەوە دەستی بە سەردا گیراوە یان بە نرخی ڕەمزی فرۆشراون بە كەس و لایەنەكان.
شەشەم: لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانی حزبەكان و بەرپرسان.
حەوتەم: هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی وەزیرەكان و ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ئەنجومەنی شارەوانییەكان، لەگەڵ كەمكردنەوەی موچەكانیان بە رێژەی 50%.
هەشتەم: هەڵپەساردنی یاسای خۆپیشاندانی هەرێم تا دەركردنی یاسایەكی نوێ كە وەڵامدەربێت بۆ داخوازییەكانی رایگشتی و هەرێمی كوردستان.
نۆیەم: باشكردنی ژیان و گوزەرانی سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگا و ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنانی شەڕی ناوخۆ و دابینكردنی بیمەی تەندروستی و بێكاری بۆ هەموان و كاركردن بە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی و دەركردنی یاسایەك بۆ جیاكاری جەندەری.
181 جار خوێندراوەتەوە