باوباران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و هۆشداریی دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
12:51 - 14/02/2026
کوردستان
+
-

باوباران و ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و هۆشداریی بە هاووڵاتییان دەدرێت.

هەواڵ:KNNC

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێسبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئاسمان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت و بارانبارین بەشێوەی نمە و لێزمە تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە و هەورەبروسکەشی لەگەڵ دەبێت، خێرایی با زیاد دەکات و ڕەشەبا دروست دەبێت هاوکات ئەگەری دروستبونی تۆزو خۆڵ هەیە بە تایبەتی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و باشووری پارێزگای هەولێر.

لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریی دراوە لەوەی، لە بەشێک ناوچە ئەگەری لافاو هەیە و پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداربن و بۆ کاری پێویست نەبێت لە کاتی بارانی بەلێزمەدا نەچنە دەرەوە.

لەوبارەیەوە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان هۆشداریی داوە لەوەی بەردەڕەش، مێرگەسۆر، بارزان، هەریر، پیرمام، بەحرکە، بنەسڵاوە، شەمامک، دەوروبەری پردێ، چوارتا، ماوەت، قەڵادزێ، سەنگاو و تەکیەی جەباری، ڕووبەڕووی بارانی بەلێزمە و هەورەبروسکەی توند و لافاو دەبنەوە

لای خۆشییەوە کەشناس هەڤاڵ گەڵۆزی لەبارەی ڕەوشی کەشوهەواوە ڕایگەیاند:لە ئێستادا بارانی بەخوڕ له بەشێک لە ناوچەکانی باکوری هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، هەروەها هەوری چڕی باراناویی گەیشتووەتە تەواوی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و تا ئێوارە شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانی بەخوڕ دەبارێت، هەروەها پێشبینیی بەهێزی تاوەبارانی بەخوڕ، هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزە بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

هاوکات پلەکانی گەرماش لەم ڕۆژانەدا دوو پلەیەک دادەبەزن، لە کاتێکدا بەرزترین پلەکانی گەرما لەنێوان 8 بۆ 22 پلەی سیلیزیدایە....


1852 جار خوێندراوەتەوە