بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، ئەو فەرمانبەرانە دەکرێتکە تا ئێستا فۆڕمی (هەژماری من)یان پڕ نەکردوەتەوە، لە مانگی داهاتووەوە ڕووبەڕووی ڕاگرتنی مووچەکانیان دەبنەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیامنێری کەی ئێن ئێن، ئەو فەرمانبەرانەی لەم مانگەدا بەهۆی پڕنەکردنەوەی فۆرمی "هەژماری من" یان وەرنەگرتنەوەی کارتی بانکی کێشە بۆ مووچەکانیان دروست بووە، لە ئێستادا دەتوانن دوای پڕکردنەوەی فۆرمەکە لە فەرمانگەکانی خۆیان مووچەکانیان وەربگرن.
بەڵام زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ مانگی داهاتوو، مووچەی هەر فەرمانبەرێک کە فۆرمەکەی پڕ نەکردبێتەوە، بەتەواوی ڕادەگیرێت و خەرج ناکرێت. ئەم ڕاگرتنەش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە فەرمانبەرەکە پڕۆسەی تۆمارکردن تەواو دەکات، کە ئەوەش لە ڕووی تەکنیکییەوە ڕەنگە "یەک بۆ دوو مانگ" کاتی بخایەنێت تاوەکو دووبارە مووچەکەی بۆ خەرج دەکرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری پێشمەرگە سەردانی بەغدا بکات. ئەم سەردانە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو 36 ملیار دینارەی بۆ خانەنشینانی سەربازی تەرخانکرابوو، لەگەڵ یەکخستنی مووچەکانیان.
هاوکات، دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن ئەوەشی زانیوە کە شاندێکی دارایی هەرێم چاوەڕوانی ئارامبوونەوەی بارودۆخی سیاسی بەغدان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای بودجە و چەسپاندنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم.
404 جار خوێندراوەتەوە