لەنێوان 50 سەرۆکدا.. مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە لوتکەی میونشنی 2026 بەشدارن

KNN : Kurdish News Network
11:55 - 13/02/2026
کوردستان
+
-


ئەمڕۆ هەینی، لە ژێر ڕێکارە ئەمنییە توندەکاندا، کارەکانی ٦٢یەمین خولی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC 2026) لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دەستیپێکرد. کۆنفرانسەکە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە جیهان بە یەکێک لە پڕژاوترین و ئاڵۆزترین قۆناغە جیۆپۆلیتیکییەکانی دوای جەنگی سارددا تێدەپەڕێت.

بەشدارییەکی کوردستانی و نێودەوڵەتی فراوان
لەم خولەدا کە 50 سەرۆکی وڵات و حکومەت و 150 بەرپرسی باڵای جیهانی ئامادەی دەبن، نوێنەرایەتی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێت. جگە لە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، وەک نوێنەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشدارن.

تەوەرە گەرمەکانی میونشن
بەپێی کارنامەی کۆنفرانسەکە، ئەمساڵ چەند دۆسێیەکی هەستیار لەسەر مێزی گفتوگۆن، لەوانە:
داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە.
هەڕەشە ئەمنییەکان: بەرەنگاربوونەوەی تێکچوونی سیستەمی جیهانی و جەنگە چەکدارییەکان.
تەکنەلۆژیا و جەنگ: کاریگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد (AI) و ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەسەر ململانێکان.

ئەم خولەی کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتی ستافێکی باڵای ئەڵمانی بە سەرۆکایەتی فریدریچ مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. چاودێران پێیان وایە ئامادەبوونی سەرکردە کوردەکان لەم سەکۆ جیهانییەدا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ناوچەکە لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.

647 جار خوێندراوەتەوە