پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگی ٣٦٣ پەرلەمانتار،
بڕیارنامەیەکی تایبەت بە دۆخی سوریا و هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا)
پەسەند کرد. بڕیارنامەکە جەخت لە پێویستی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و داننان بە
مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکاتەوە.
هەواڵ: KNN
خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارنامەکە:
١. پەرلەمانی ئەوروپا
داوای کردووە دان بە مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی کورددا بنرێت. بەشداریکردنی
سیاسیی کورد و یەکسانی لە مافەکانیدا وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر پرۆسەیەکی ئاشتی و
سەقامگیری لە سوریادا دەستنیشان کردووە.
٢. بڕیارنامەکە بە
توندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کردووە و ئەو پێشێلکارییانەی
وەک (کوشتنی بە کۆمەڵ، گرتن، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و تێکدانی ژێرخانی مەدەنی) وەک
"تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ناوزەد کردووە کە پێویستە ڕەوانەی دادگا بکرێن.
٣. داوا لە هەموو لایەنەکان،
بە تورکیاشەوە، کراوە کە پابەندی مەرجەکانی ئاگربەست بن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی
شەڕ و تێکچوونی دۆخی مرۆیی.
٤. پەرلەمانتاران هۆشدارییان
دا لە مەترسییەکانی داعش و ستایشی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی کورد و بەتایبەت "ژنانی
کورد"یان کرد لە تێکشکاندنی تیرۆردا، داواشیان کرد یەکێتی ئەوروپا هاوکارییەکانی
بۆ ئەو ناوچەیە زیاد بکات.
٥. لە بەیاننامەکەدا
هاتووە کە هەر جۆرە پشتگیری و پەیوەندییەک لەگەڵ حکومەتی سوریا، بەندە بە پاراستنی
مافی کەمینەکان، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنی ئاگربەست.
شایەنی باسە لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا، تەنیا ٧١
پەرلەمانتار دەنگی نەخێریان دا و ٨١ پەرلەمانتاریش ئامادەی دەنگدانەکە نەبوون، بەوەش
بڕیارنامەکە بە زۆرینەیەکی ڕەها پەسەند کرا
970 جار خوێندراوەتەوە