برایەن ماست، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە میانی دانیشتنێکی تایبەتدا لە کۆنگرێس سەبارەت بە دۆسیەی سوریا، پەیامێکی توندی ئاڕاستە کرد و ڕایگەیاند واشنتۆن لە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە ئاسوودە نییە.
ماست جەختی کردەوە کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکان، بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوە و جێگەی قبووڵ نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە دۆخی ئێستای سوریا لەو ئاستەدا نییە کە پێویستە هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕوونی کردەوە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، هیچ "چەکێکی سپی" و دەسەڵاتێکی ڕەهای لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پێنەدراوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و قامیشلۆش، ماست ڕێککەوتنی مانگی ڕابردووی نێوان ئەحمەد شەرع و ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی بە "هەنگاوێک بە ئاراستەی ڕاست" وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو هەنگاوە هێشتا بەپێی پێویست نییە و کاری زیاتری دەوێت.
936 جار خوێندراوەتەوە