زیاتر لە ٧٠ پەرلەمانتار و لۆردی بەریتانیا لە سەرجەم
پارتە سیاسییە جیاوازەکان (بە تایبەت پارتی کرێکاران و پارێزگاران)، نامەیەکی بەپەلە
و هۆشدارییەکی توندیان ئاراستەی حکومەتی وڵاتەکەیان کرد سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی
ئەمنی و مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا).
هەواڵ: KNN
پەرلەمانتارانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردووە
کە ناوچەکە لە لێواری کارەساتێکی مرۆیی و ئەمنیی گەورەدایە. هۆشدارییان داوە کە هێرشی
گروپە چەکدارەکان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی، تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر
کورد، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان؛ چونکە تێکچوونی پارسەنگی هێز دەبێتە هۆی
ڕاکردنی هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکان و سەرهەڵدانەوەی تیرۆر.
لە نامەکەدا کە ئاراستەی "ئیڤێت کووپەر"
کراوە، هاتووە کە بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەرزاری قارەمانێتی ژن و پیاوانی
کوردن کە ساڵانێکی زۆر وەک قەڵغانێکی بەهێز دژی توندڕەویی و تیرۆری داعش وەستانەوە.
پەرلەمانتاران جەختیان کردووەتەوە کە پاڵپشتیکردنی کورد لەم قۆناغە سەختەدا، کەمترین
وەفایە بۆ گێڕانەوەی ئەو قەرزە مێژووییە.
بەپێی زانیارییەکانی ناو نامەکە:
زیاتر لە 150 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانەوە ئاوارە بوون.
پەرلەمانتاران داوایان لە حکومەتی بەریتانیا
کردووە چیتر تەنها بە "نیگەرانی" نەمێنێتەوە و فشارە نێودەوڵەتییەکانی چڕ
بکاتەوە بۆ:
چەسپاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ڕاگرتنی
دەستبەجێی هێرشەکان.
پاراستنی مافە نەتەوەیی و دیموکراسییەکانی گەلی
کورد لە سووریا.
کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ گەیاندنی
هاوکاری بەپەلە بە ئاوارەکان.
ئەم هەڵوێستەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا بە سەرکەوتنێکی
گەورەی دیپلۆماسی بۆ ڕەوەندی کوردی و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دادەنرێت، کە
دەریدەخات پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
316 جار خوێندراوەتەوە