وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی
هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە سەپاندنی سزای دارایی
دەکەن بەسەر ئەو شۆفێرانەی پشکنینی توندوتۆڵی (هەزە)ی ئۆتۆمبێلەکانیان دوادەخەن، جەختیشی
کردەوە کە کار بەو نووسراوە ناکرێت کە لەو بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە
هەواڵ: KNN
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری
گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: ئەو نووسراوەی کۆمپانیای (OPVI) کە تایبەت بوو بە ڕێنمایی نوێ
و سزای دارایی بۆ دواکەوتنی پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، گەڕێنراوەتەوە و بە هیچ شێوەیەک
کاری پێناکرێت.
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی
ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، پشکنینی ساڵانە و توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل تەنها بۆ پاراستنی
سەلامەتی شۆفێران و هاووڵاتییانە، بۆیە پێویستە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان بەردەوام و ساڵانە
ئەو پشکنینە ئەنجام بدەن، نەک لەبەر ترسی سزا، بەڵکو بۆ دڵنیابوونەوە لە لایەنی تەکنیکی
ئۆتۆمبێلەکانیان.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی وەزارەت
دوای ئەوە هات، کە کۆمپانیای (OPVI) بڕیارێکی بڵاوکردبووەوە و تێیدا هاتبوو: هەر ئۆتۆمبێلێک ساڵێک لە
وادەی پشکنینەکەی دوابکەوێت، بڕی ٥٠٪ی کرێی پشکنینەکەی وەک سزا دەخرێتە سەر، و بۆ
دوو ساڵ و زیاتریش سزاکە دەبێتە دوو هێندە (١٠٠٪). بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ،
ئەم ڕێنماییانە هەڵوەشێنرانەوە و پڕۆسەکە وەک پێشووی خۆی بەردەوام دەبێت
514 جار خوێندراوەتەوە