نیشتمانی یەکگرتویی دیجیتاڵی کورد دەناسێندرێت

KNN : Kurdish News Network
04:36 - 12/01/2026
کوردستان
+
-

لە مەراسیمێکی زانستی و ئەکادیمیدا لە زانکۆی سلێمانی، گفتوگۆکرا لەسەر کاریگەریی سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا لە گۆڕینی هاوکێشە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان و پەرەسەندنی نیشتمانپەروەریی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی فەزای گریمانەیی، وەک ئامرازێک بۆ کۆدەنگیی نیشتمانی و بەهێزکردنی بنەماکانت حکومڕانیی دروست.


ئەمڕۆ دوشەممە لە هۆڵی کۆماری کوردستان لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، مەراسیمێکی تایبەت بۆ ناساندنی کتێبی "کاریگەری سۆشیاڵ میدیا لەسەر حکومڕانیی دروست لە هەرێمی کوردستان" کە لە لایەن نوسەر دلێر عەبدولخالقـەوە نوسراوە، بەڕێوەچو. مەراسیمەکە بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە مامۆستایان، خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن و چەندین کەسایەتییە ئەکادیمی و ناسراو بەڕێوەچو، تێیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر پاڤێ جەمیل ئەحمەد، ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ ناوەڕۆکی کتێبەکە کرد و جەختی لەسەر پێویستیی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و خوێندەواریی میدیایی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستان کردەوە، بە جۆرێک لەگەڵ گەشەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری و ئامرازەکانی میدیایی نوێ هەڵ بکەین.


دلێر عەبدولخالق، نوسەری کتێبەکە لە میانی ناساندنی بەرهەمەکەیدا، هەڵوەستەی کرد لەسەر چەمکی "نیشتمانێکی یەکگرتوی دیجیتاڵی" و “نیشتمانپەروەریی دیجیتاڵی" (Digital Nationalism). لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بەوە کرد، لەکاتی قەیرانی نەتەوەیی و ئازارەکانی پارچەیەکی کوردستان؛ سۆشیاڵ میدیا توانیویەتی سنورە دەستکردەکان نێوان پارچەکان بسڕێتەوە و کۆدەنگییەکی نەتەوەیی لەنێوان کوردانی ناو نیشتمان و ڕەوەندی کوردیدا دروست بکات.


لەو ڕوانگەیەوە، نوسەر نمونەی بە ڕوداوەکانی ئەمداواییەی ڕۆژئاوای کوردستان هێنایەوە، بەتایبەت هێرش و گەمارۆ و داگیرکاری هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب، وە باسی لەوە کرد، سۆشیاڵ میدیا، وەک پانتاییەکی مەجازیی نەتەوەیی توانی سنورە دەستکردەکان بشکێنێت و نیشتمانێکی یەکگرتویی دیجیتاڵی بۆ کوردان دروست بکات. 


دلێر عەبدولخالق، ئەو ڕوداوانەی بەستەوە بە ناوەڕۆکی کتێبەکەی، کە لە بنەڕەتدا نامەیەکی ماستەرە و وتی:"لە ڕووداوەکانی ئەمدواییەی ڕۆژئاوای کوردستان پلاتفۆرمی X وەک باڵوێزخانەیەکی نەتەوەیی ڕۆڵی گێڕا بۆ گەیاندنی ئازار و کێشەکانی کورد بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، لە کاتێکدا سەکۆی فەیسبوک وەک پەرلەمانێکی میللی یان پەرلەمانی سێبەر بوە سەکۆیەک بۆ دروستکردنی هەستی هاوبەشی نەتەوەیی و گفتوگۆ و دەربڕینی پشتیوانی بۆ دانیشتوانی شێخ مەقسود و ئەلئەشرەفیە، بۆ پلاتفۆرمی تیکتۆکیش وەک ئامرازێکی ڤیدیۆیی ناساندنی کە بەکارهێنەری گەنجی کورد بە ڤیدیۆ و ڕیڵ و پەیامی کورد، بەرگریی دیجیتاڵیان گەشەپێدا و حەماسەت و ئینتیمای گەنجانی کوردیان بەرزکردەوە.


لە بەشێکی تری تێڕوانینەکانیدا، نوسەر جەختی لەوە کردەوە کە تەکنەلۆژیا خۆی ئامرازێکی بێلایەنە و ئەوە بەکارهێنەرە کە مانای پێ دەبەخشێت و لایەنداری دەکات. 


لەو ڕوانگەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، بۆ کورد سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا دەکرێت بکرێتە ئامرازی گەشەپێدانی ژیانی سیاسیی و بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی لە سەروەری یاسا، بەشداری سیاسیی، شەفافیەت و لێپرسینەوە لە دامەزراوەکانی حکومڕانیدا.


لە کۆتاییدا، پەیامی سەرەکی مەراسیمەکە ئەوە بو، کە پێویستە پانتاییە مەجازییەکان بکرێنە کەرەستەیەک بۆ پشتیوانیکردنی مرۆڤ و دادپەروەری لەگەڵ دروستکردنی خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندی گشتی لەنێوان کورداندا، ئەمەش تەنها لە ڕێگەی بەرەوپێشبردنی خوێندەوارییەکی میدیایی و هۆشیاری سیاسیی زیاترەوە بەدی دێت.

168 جار خوێندراوەتەوە