راگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

KNN : Kurdish News Network
08:37 - 23/11/2025
کوردستان
+
-

سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتمان لە هەفتەی ڕابردوو لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە بە پێویستمان زانی ئەم ڕاستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو.

 

١- لەئەنجامی ڕێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی بەڕێز دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت.

 

٢- هاوکات بە پێی بڕیاری ژمارە ( ٥٥٠ ) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لە ڕۆژی ( ١٧ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتووی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆسەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بەکاش و لەلایەک بەسیستەمی بانکی، لە ئێستاشدا لەهەرێمی کوردستان بەڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت، واتە دابەشکردنی مووچە بەکاش نامێنێت.
بۆیە دووپاتیدەکەینەوە لەدوای سەری ساڵ مووچە تەنها لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە خەرج دەکرێت، و هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.

 

127 جار خوێندراوەتەوە