ئیسکۆبارەکەی لوبنان چۆن دەستگیرکرا؟

KNN : Kurdish News Network
11:26 - 21/11/2025
جیهان
+
-

سەرچاوەیەکی سەربازی لوبنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، سوپای لوبنان ڕۆژی پێنجشەممە لە میانی ئۆپراسیۆنێکدا لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان، نوح زەعەیتەر، دیارترین قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکانی لوبنان، دەستگیرکرد.

 


ئەو سەرچاوەیە وتی: "زەعیتەر لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی سوپای لوبنان لە دۆڵی بێکا، ئەو ناوچەیەی کە ئیمپراتۆریەتێکی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکانی تێدا بەڕێوەدەبرد، لەنێویاندا حەبی کاپتاگۆن، لە نێوان لوبنان و سوریا دەستگیرکرا".
بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، ناوبراو بە یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان دادەنرێت و ناوبراو تۆمەتبارە بە تێوەگلانی لە بازرگانی کاپتاگۆن و حەشیش، ئەوە جگە لە بازرگانیکردن بە چەکەوە لە لوبنان و ناوچەکە.

 

نوح زەعەیتەر نازناوی "پادشای حەشیش" و (ئیسکۆبارەکەی لوبنان)ی لێنراوە و لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر بە غیابی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.

 

ئیمپراتۆریەتی ماددە هۆشبەرەکان

لە ساڵانی نەوەدەکانەوە نوح زەعیتەر ئیمپراتۆریەتێکی بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەڕێوەدەبرد، لەنێویاندا حەبی کاپتاگۆن، کە بازرگانییەکەی لەم ساڵانەی دواییدا لە نێوان لوبنان و سوریادا گەشەی کردووە.

 

دەستگیرکردنەکە نزیکەی دوو مانگ دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتدارانی لوبنان هەڵوەشاندنەوەی "یەکێک لە گەورەترین" دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆنیان لە شارۆچکەی ئەلیەمونە لە بەعلبەک ڕاگەیاند.


ساڵێک پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا سزای بەسەر دوو ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆکی لابراوی سوریادا سەپاند بەهۆی قاچاخچێتی کاپتاگۆن لەنێویاندا نوح زەعەیتەر بو.

لە ٢٤ی نیسانی هەمان ساڵدا یەکێتی ئەوروپا سزای هاوشێوەی بەسەر ئەو سێ کەسەدا سەپاند بەهۆی هەمان تاوانەوە.

وەزارەتی دارایی فەرەنسا لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە زەعیتەر دەستی لە بازرگانی کاپتاگۆن لە لوبنان و سوریادا هەبووە و پەیوەندی بە ئەندامانی بنەماڵەی ئەسەدەوە هەیە.

ناوچەی بەعلبەک دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی لوبنان لە نزیک سنووری سوریا، کە پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد قاچاخی مادەی پاکتاگۆن لەوێ بەربڵاو بووە.

229 جار خوێندراوەتەوە