میسڕ بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئیسرائیلییەکان چووە نێو غەززە

KNN : Kurdish News Network
09:02 - 26/10/2025
جیهان
+
-


میسڕ بەشداری دەکات لە دۆزینەوەی تەرمی دیلەکان لە غەززە و ترەمپیش تەنها 48 کاتژمێریی داناوە بۆ ڕادەستکردنەوەیان.


هەواڵ:KNNC


گەڕان بەدوای تەرمە دیلەکانی لای بزوتنەوەی حەمماس بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا میسڕ کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل و ئامێر و کارمەندی تایبەتی لە دەروازەی ڕەفەحەوە نارد تا بەدوای تەرمی ئەو ئیسرائیلیانەدا بگەڕێن کە لەژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕوخاوەکانی غەززەدان.



چونەناوەوەی لایەنی میسڕ بۆ غەززە و لەپێناو پرسی دیلەکان لەسەر ڕەزامەندی ئیسرائیل بووە تا بەزووترین کات ڕووفاتەکان بگاتەوە بەدەستیان.



ئەوەش دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: بزوتنەوەی حەماس تەنها 48 کاتژمێری لەبەردەمدایە بۆ ڕادەستکردنەوەی ڕوفاتەکان کە لەنێویاندا دوو ئەمەرییکی هەیە، ئەگەر نا ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە پرسی ئاگربەست ڕێوشوێن دەگرنە بەر.



دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە جۆری گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان نەداوە و پێشبینی دەکرێت مەبەستی ناردنی هێزی ئاشتییپارێز بێت بۆ کەرتی غەززە.




لەپاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 10ی ئەم مانگەدا، ئازادکردنی 20 دیلی ئیسرائیلیی بەرامبەر نزیکەی 2000 فەڵەستینیی و ڕادەستکردنەوەی 28 ڕوفات کە لای بزوتنەوەی حەماسن بەشێک بوو لە ڕێککەوتنەکە.

تا ئێستا حەماس 15 تەرمی ڕادەستکردوەتەوە و پێشتر ڕایگەیاند بەهۆی ئەوەی بەشێکیان لە تونێلەکان بەخاکسپێردروان یاخود لەژێر باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماون و ئامێری پێویست بۆ کارەکە بەردەست نییە، پڕۆسەکە کاتی دەوێت...

32 جار خوێندراوەتەوە