لە غەززە قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ جێبەجێ دەکرێت... لە 72 کاتژمێردا بارمتەکان ئازاد دەکرێن

KNN : Kurdish News Network
09:20 - 04/10/2025
جیهان
+
-

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ جێبەجێکردنی "قۆناغی یەکەم"ی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.


هەواڵ:KNNC


ئەمڕۆ شەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی  ئیسرائیل  ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ "بە هاوکاری تەواو" لەگەڵ ترەمپ کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بە گوێرەی ئەو بنەمایانەی دیاری کراوە.

ئەم بەیاننامەیەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە، دوای قبوڵکردنی حەماس بە پلانەکە ترەمپ بۆ ڕاگرتنی شەڕ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی بە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕابگرێت.


قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ ئەمانە لە خۆ دەگرێت؛


-ئاگربەستی دەستبەجێ (وەستاندی شەڕ) ئەگەر هەردوولا بە پلانەکە ڕازی بن.
-ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان بە زیندوو و مردوو، لە ماوەی 72 کاتژمێردا دوای قبوڵکردنی پلانەکە.
-وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل، لەوانەش بۆردومانی ئاسمانی و تۆپخانە و بەستنی هێڵەکانی شەڕ لە ماوەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکاندا.
-کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو سنورەی دیاریکراوە لە ڕێککەوتنەکان.
- بەپێی ئەو پلانە ئیسرائیل زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکات، لەبەرامبەر بارمتەزیندوەکان و مردوەکانی لای حەماس.

- ڕادەستکردنی ئیدارەی مەدەنی غەززە بە حکومەتێکی تەکنۆکراتی ئینتقالی فەلەستین لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، بە چاودێری "ئەنجومەنێکی ئاشتی" نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ترەمپ، بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی کەرتی غەززە لەم قۆناغەدا.
-دەستپێکردنەوەی چونی یارمەتییە مرۆییەکان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان (کارەبا، ئاو، لابردنی داروپەردوو، بوژاندنەوەی ژێرخانی کەرتی غەززە) بەبێ دەستوەردانی ئیسرائیل یان حەماس، هەروەها ئاسانکاری بۆ هاتنە ژورەوەی هاوکارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکانەوە بەپێی میکانیزمێکی گونجاو.

290 جار خوێندراوەتەوە