ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و
ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی
کوردستان کۆ بووەوە و رایگەیاند" داواکارین دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی
بکرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە".
هەواڵ:KNN
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران
پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی
نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە کە لە ڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 ەوە کەوتووەتە
بواری جێبەجێکردن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، بە تێکڕايی ڕۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت،
لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە،
ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و
داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ و هیوای خواست کە حکومەتی فیدڕاڵیش
بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی
کوردستان بۆ مانگی ئابی ساڵی 2025 و مانگەکانی تر، وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق
.
سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای
دووپاتکردنەوەی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی پێکردنی داهاتە
نانەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ، لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە لە
هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پشتبەستن بە هەردوو ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی
داراییی فیدڕاڵی ژمارە 6 ساڵی 2019 و ماددەی 21/دووەم لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە
بە دەقی یاسایی ڕوون و ئاشکرا، بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکان
دیاری کردووە.
سەرەڕای جەختکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر گرنگی ڕەچاوکردنی ئەوەی کە
وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم خەرج نەکردووە بۆ
خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنانی هەرێم سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراوی پێویست لە
ناو خشتەکانی یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە ساڵانە زیاتر لە 4 ترلیۆن دینارە، بۆیە ناچار
هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆی خۆی، ئەم خەرجییانەی ئەنجام داوە لە دوای
داشکاندنی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، وردەکاریی خەرجی و داهاتی هەرێمیش بە
شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشكرا، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، مانگانە بۆ
وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ نێردراوە و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و
هەرێمیش لە سەرەتای ساڵی 2023 ەوە بە بەردەوامی وردبینی بۆ کراوە.
ئەنجومەنی وەزیران داواکارە لە حکومەتی فیدڕاڵ کە شاندی دانوستانکاری
هەردوو حکومەت، لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێکهاتوو بە بڕیاری ئەنجومەنی
وەزیرانی فیدڕاڵ، بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی
هاوبەش تا لە نزیکترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش
یەکلایی بکرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە.
بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە پێشنیارێکی وەزارەتی داد بۆ هەڵوەشاندنەوەی
کارکردن بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن
فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد خرایەڕوو و پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کرد،
چونکە بڕگەکانی لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە 1ی
ساڵی 2021 ناگونجێت.
42 جار خوێندراوەتەوە