سوریا: لە سەرەتای ساڵەوە 190 کەس لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریاوە رفێندراون

KNN : Kurdish News Network
03:42 - 20/09/2025
کوردستان
+
-

ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاپۆرتی زیادبوونی ڕفاندن و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بڵاوکردەوە ودەڵێت" لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە 190 کەس کە لەناویاندا ژن ومنداڵیش هەیە رفێندراون".

هەواڵ:KNN

بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە سەرەتای مانگی ئەیلولی 2025ەوە، لانیکەم 14 هاوڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکان ڕفێندراون، لەوانەش عەفرینی ، حەلەب و دیمەشق.

دووپاتی کردەوە کە زۆربەی ڕفاندنەکان لە ڕێگەی هەڵکوتانی زۆرەملێ بۆ سەر ماڵان و شکاندنی دەرگا و تاڵانکردنی کەلوپەلەکان ئەنجام دراون، جگە لەوەش خەڵک لە بازگە و ڕێگاوبانەکان دەستگیر کراون بەبێ ئەوەی شوێنی مەبەست یان تۆمەتەکەیان بزانرێت.

بەپێی ئاماری ئەو ناوەندە، ژمارەی ڕفێندراوانی کورد لە سەرەتای ساڵی 2025 تا کۆتایی مانگی ئاب گەیشتووەتە 190 کەس کە دو منداڵ و نۆ ژنیان تێدایە، جگە لە 56 دەستبەسەرکراوی نەخۆش کە 31 کەسیان پێویستیان بە چاودێری پزیشکی بەپەلە هەیە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینە زیاتر بێت چونکە هەندێک خێزان ڕەتیدەکەنەوە ناوی منداڵەکانیان ئاشکرا بکەن بە هۆکاری ئەمنی.

عەفرین، کە لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە داگیرکراوە، زۆرترین ژمارەی پێشێلکاری لەو جۆرەی تۆمارکردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕق و کینە و هاندان لە دژی گەلی کورد زیاتر بوە.

ناوەندەکە پشتڕاستی کردەوە کە هەمو ڕفاندنەکان بەبێ فەرمانی دادوەری یان فەرمانی دەستگیرکردنی فەرمی ئەنجامدراون، ئەمەش وایکردوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاساکانی سوریا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، پەیوەندی لەگەڵ دەستگیرکراوەکان ڕاستەوخۆ دوای ڕفاندنەکەیان پچڕاوە.

80 جار خوێندراوەتەوە