بەغداد تودەی: مۆبایلەکانی سامسۆنگ لە عێراق لەلایەن ئەپی سیخوڕی ئیسرائیلییەوە هاک کراون

KNN : Kurdish News Network
03:27 - 19/09/2025
عێراق
+
-

بەغداد تودەی بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرای دەکات " بونی ئەپێکی ئیسرائیلی لەسەر هەندێک مۆبایلی سامسۆنگ کە ڕەوانەی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، مەترسی سیخوڕیان لەسەرە"، و دەڵێت" ئەو ئەپە ناسردرێتەوە و زانیاری بەکارهێنەران کۆدەکاتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی بەرفراوان دروستدەکات کە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی بۆ مەبەستی سیخوڕیکردن هەبێت".

هەواڵ:KNN

لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە ئەپەکە بەناوی AppCloud ، بەشێکە لە پلاتفۆرمێکی فراوانتر بە ناوی Aura کە لەلایەن کۆمپانیای IronSource ی ئیسرائیلی کە بنکەکەی لە تەلئەبیبەوە پەرەی پێدراوە و بە سەرۆکایەتی دامەزرێنەرەکەی تۆمەر بار زیڤە، لەلایەن کۆمپانیای یونیتی ئەمریکییەوە کڕدراوە. هەرچەندە ئەپەکە وەک ئەپی یاری یان گەیاندن پێشکەش دەکرێت، بەڵام هێزەکانی زۆر فراوانترە و لە هەموی نیگەرانکەرتر ئەوەیە کە بە تەواوی مەحاڵە بسردرێتەوە.

بەغداد تودەی دەڵێت" بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەپەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر مۆبایلەکانی گالاکسی A و گالاکسی M دەبینرێت کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەفرۆشرێن وەک: ئوردن، میسر، مەغریب، سوریا، لوبنان، عێراق و تورکیا، لەکاتێکدا ئەو ئەپە لەسەر ئەو ئامێرانە نەدۆزراوەتەوە کە لە ئەوروپا و ئەمریکا دەفرۆشرێن.

چیرۆکەکە لە ساڵی 2022 دەستی پێکردوە، کاتێک سامسۆنگ ڕێککەوتنێکی هاوکاری لەگەڵ ئایرۆنسۆرس لەسەر پلاتفۆرمی ئاورا واژۆکرد کە بنەمای ئەپکلاودە. سەرەڕای کڕینی کۆمپانیاکە لەلایەن یونیتیەوە، بەڵام ئێستاش بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئیسرائیلە و بارەگا سەرەکییەکەی لە تەلئەبیبە، ئەمەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژێرخانی تەکنەلۆژیای ئیسرائیل بەهێزتر دەکات.

لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتوە کە ئەپکلاود یاساکانی پاراستنی زانیاری وەک GDPR پێشێل دەکات، بەو پێیەی بەبێ ڕەزامەندی بەکارهێنەر دامەزراوە، ناتوانرێت لاببرێت و زانیاری هەستیاری وەک ئایپی ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆن و شوێنی جیۆلۆکی کۆدەکاتەوە. شارەزایانی ئەمنی هۆشدارییان داوە لەوەی کە لەوانەیە ئەو داتایانە بۆ مەبەستی هەواڵگری لە نێوان گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا بە شێوەیەکی خراپ بەکاربهێنرێن.

114 جار خوێندراوەتەوە