میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردوەتەوە سوپای ئیسرائیل تا شەشـی ئۆکتۆبەر بەتەواوەتی
شاری غەززە گەمارۆدەدات، بەڵام شەڕکردن چەند مانگێک درێژە دەکێشێت و بە ئاسانی
کۆتایی نایەت، لە زاری هەواڵگری ئیسرائیلیشەوە ئاشکرایان کردوە، حەماس دەستیکردوە بە دروستکردنی تونێلی نوێ و خۆی بۆ شەری درێژخایەن ئامادەکردوە.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی یەدیوت ئەحرۆنۆتی لە زاری بەرپرسانی بەشی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری
سەربازی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "تا شەشی ئۆکتۆبەر گەمارۆدانی شاری غەززە و چۆڵکردنی
دانیشتوانەکەی تەواو دەبێت"، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە "داگیرکردنی تەواو"ی
شاری غەززە پێکناهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شاری غەززە تا دوای ئەو
رێکەوتە دەست پێناکات و پێشبینی دەکەن شەڕ لەو شارە بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبێت.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە لە زاری هەواڵگری ئیسرائیلەوە پشتڕاستیکردوەتەوە کە لە ئێستادا لانیکەم 7500
ئەندامی حەماس و جیهادی ئیسلامی (نزیکەی پێنج هەزار کەس لە حەماس و دوو هەزار و 500
کەس کەسی خۆبەخش) لە شاری غەززەدان و ئامادەی شەڕن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەم
وردەکارییانە لە میانی کۆنگرەیەکی نهێنی لە بەردەم لیژنەی دەرەوە و بەرگریی ئیسرائیلی
ڕۆژی چوارشەممەدا هاتون.
میدیاکەی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەشهاتوە؛ کە حەماس ئۆپەراسیۆنی نوێی دامەزراندنی سەربازی ئەنجام دەدات
و تونێلەکان دروستدەکاتەوە و لێکۆڵینەوە لە شەڕەکانی پێشو دەکات و تەقەمەنی ئامادە
دەکات بۆ شەڕێکی درێژخایەن لە شاری غەززە و باکووری کەرتەکە.
267 جار خوێندراوەتەوە