لە خۆپشاندانەکانی نیپاڵ 19 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بون

KNN : Kurdish News Network
01:27 - 09/09/2025
جیهان
+
-

لە خۆپشاندانەکانی نیپاڵ دژی قدەغەکردنی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، ماڵی چەند سیاسەتمەدارێکی نیپاڵی لە لەیەن خۆپشاندەرانەوە سوتان و تا ئێستاش 19 کەس لە خۆپشاندەران کوژراون و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربون.

 هەواڵ:KNN

دو رۆژە خۆپشاندان لە دژی قەدەغەکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە نیپاڵ بەردەوامە و ئەمڕۆ گرژییەکان زیاتر پەرەی سەند و بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئێن دی تی ڤی، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر ماڵی (ڕام چاندرە پودێل)، سەرۆکی نیپاڵ و ئاگریان تێبەردا.

لای خۆشیەوە ڕۆژنامەی نیپاڵ نیوز بڵاویکردەوە، خۆپیشاندەران ئاگریان لە ماڵی چەند سیاسەتمەدارێک لە کاتماندۆی پایتەخت بەرداوە، لەوانە ماڵی (پوشپا کەمال داهال)، سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵ ، (پریتڤی سوبها گورونگ) وەزیری تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان و (ڕامیش لاخا)، وەزیری ناوخۆ کە لەناو ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەدا دەستی لە کار کێشایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە خۆپیشاندەران جارێکی دیکە لە بەردەم بینای پەرلەمانی نیپاڵ لە کاتماندۆ گردبونەوە و ڕێگاکانیان داخست و داوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە، هەزاران گەنجی خۆپیشاندەر دژی بڕیاری حکومەت بۆ قەدەغەکردنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا( فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئەپ و ..)، ڕژانە سەر شەقامەکانی پایتەختی نیپاڵ لە ناڕەزایەتییەکدا کە ناوی لێنرا "شۆڕشی نەوەی Z".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی "ئیندیا تودەی" لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە چەند شارێکی گەورەی نیپاڵ، پۆلیس چەکی سوک و تۆپی ئاوی و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و بەهۆیەوە 19 کەس لە خۆپشاندەران کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.

115 جار خوێندراوەتەوە