داوا دەکرێت 12 حزبی عێراقی لە هەڵبژاردن دوربخرێنەوە

KNN : Kurdish News Network
10:53 - 09/09/2025
عێراق
+
-

بە فەرمی سکاڵا تۆمار کراوە و داوای دورخستنەوەی 12 حزب دەکرێت لە هەڵبژاردن، بەهۆی ئەوەی کە گروپی چەکداریان هەیە و رێكخراوی بەدر و گروپی عەسائبی ئەهلی هەق و بابلیون دیارترینیانن.

هەواڵ: KNN

بە گوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان بە فەرمی سكاڵای گردبونەوەیەكی مەدەنی بە ناوی (گردبونەوەی سەربەخۆیی)، بەرزکراوەتەوە كە تیایدا داوای دورخستنەوەی (12) حزبی عێراقی كە خاوەنی گروپی چەكدارین، لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق، کراوە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردوەتەوە کە  سکاڵاکە رادەستی دادگای باڵای فیدراڵی و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسیەكان، کراوە و جەختیشیان کردوەتەوە کە ئەوە پێشهاتێكی نوێ و بێوێنەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە دوای (2003)وە.

ئاشکراشیان کردوە کە دیارترین ئەو حزبانەی دوای دورخستنەوەیان كراوە، بریتین لە (رێكخراوی بەدر و گروپی عەسائبی ئەهلی هەق و بابلیون و كەتایبی ئیمام عەلی و سەید ئەلشوهەدا‌و چەند گروپێكی تر).

لەمبارەوە عەباس فەتلاوی، یەکێک لەو پارێزەرانەی سكاڵاكەیان بەرزكردوەتەوە لە چاوپێکەوتنی تەلەفیونی لەگەڵ میدیاکانی عێراقی دەڵێت: بە پشتبەستن بە مادەی 9ی دەستور و مادەکانی 8 و 47 لە یاسای 2015ی حزبە سیاسیەكان، لە 27ی ئاب سكاڵاكەمان تۆماركردوە و داوای دورخستنەوەی ئەو حزبانەمان كردووە لە هەڵبژاردنەكان و 2ی ئەیلولیشدا داوای فەرمانی سالاریمان كردوە بۆ راگرتنی ئەو حزبانە، کۆمسیۆن ئاگاداری کردونەتەوە کە لە ماوەی (10) رۆژدا ئەنجامی سکاڵاکە رادەگەیەنرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ روینەداوە، بۆیە تەنها لەبەر ئەم هۆکارە رومان لە میدیا کردوە نەک لە پێناو نمایشی میدیایی."

928 جار خوێندراوەتەوە