وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، 21ی ئەیلول دەبێتە
یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنی 2025- 2026ی ئەمساڵ.
هەواڵ:
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە خشتەی
بەشەوانەکانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) پەسەندکراوە، پاشتر لەلایەن
بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاڕاستەی
ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.''
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 7 ی 9 ی 2025، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە
کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێکی پەروەردەیی
وەک تاقیکردنەوەی دەرەکی و ڕیفۆرمی قۆناغی ئامادەیی و هەڵسەنگاندنی دەرەکی، هاوکات
ئەنجومەنی وەزارەت ساڵنامەی خوێندنی ساڵی (2025 - 2026) ی پەسەندکرد.
تیایدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 21 ی 9 ی 2025 وەک دەستپێکی ساڵی
خوێندنی (2025 - 2026) دیاریکرد بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە
ناحکومییانەی بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن، دواتر وردەکاری ساڵنامەکە بە
گشتاندنێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندنەوە
ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزارەت لە کۆبوونەوەکەدا خشتەی بەشەوانەکانی بۆ
ساڵی خوێندنی (2025 - 2026) پەسەندکرد، پاشتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام
و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.
277 جار خوێندراوەتەوە