سەنتەری میترۆ
رایدەگەیەنێت لە کاتی هێرشەکەی سەر لالەزاردا، هێرش کراوەتە سەرچەند ڕێکخراوێکی
ناوخۆی و بیانی کە هیچ پەیوەندییەیان بە شەڕەکەوە نەبوە و تەواوی کەرەستەی ئەو
ڕێکخراوانە براون.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەنتەری میترۆ بڵاویکردوەتەوە، هێرشی چەكداران بۆ سەر نوسینگەی ڕێكخراوە ناوخۆیی
و بیانییەكان پێشێلكاری ڕونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی
كوردستان بكاتە شوێنێكی نائارام بۆ كاری رێكخراوی بیانی.
ئاماژەیان
بەوەشکردوە؛ بە پێ چەند سەرچاوەیەك بۆ سەنتەری میترۆ كە نەیانویست ناویان
بڵاوبكرێتەوە، بەرەبەیانی هەینی 22ی ئابی 2025، لەكاتی شەڕە خوێناوییەكەی لالەزار
لە گردی سەرچناری شاری سلێمانی، هێزی چەكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر تەلارێک لە نزیک ڕوداوەکە كە ئۆفیسی ژمارەیەک
رێكخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی تێدابوە.
تەلارەکە کە ئۆفیسی
پایای لێبوە، دەكەوێتە گەرەكی سەرچناری شاری سلێمانی، نزیكە لە ماڵی سەرۆكی بەرەی
گەل لاهور شێخ جەنگی و هۆتێل لالەزار، چەند رێكخراوێكی كەلتوری و ژینگەیی
ورێكخراوێكی نێودەوڵەتی لەو تەلارە ئۆفیسییان هەیە، وەك رێكخراوی بەهرەدار بۆ
پەرەپێدانی گەنجان، پایا ئەیجنسی، ئارت پلەس، پارێزەرانی ئاوی عێراق و كوردستان،
ڕێكخراوی UPP.
ڕێكخراوی UPP كە بە Un Ponte Per (پردێك
بۆ) ناسراوە، ڕێكخراوێكی قازانج نەویستی سەربەخۆی ئیتاڵییە،كاردەكات بۆ دروستكردنی
پردی ئاشتی و بەهێزكردنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە جێناكۆكەكانی وەك
عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، لە ڕێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانی
كۆمەڵگا، گەنجان، بەهێزكردنی ژنان، و پاڵپشتیكردنی پەنابەران.
سەنتەرەکە ئاشکرای
کردوە؛ کە ئەمڕۆ زانیویانە هێزەكە سەرجەم كەرەستەی ناو ئۆفیسی رێكخراوەكانی بردوە،
لەوانەش؛ قاسەی پارە بەوەی لەناویدا بوە كە پارەی پرۆژەكان بووە، چوار پرینتەری
رەنگاورەنگ و رەش و سپی، تەلەفونی سەتەلایتی سورەیا، چەند سێتیێكی كۆمپیوتەر، نۆ
لاپتۆپی جۆراو جۆر، سێتی داتاشۆ، سێ سێتی كامێرای سۆنی و كانون، ئامێری مای فای
ئاسیا سیل و فاست لینك و ئای كیو، ئامێری ژماردنی پارە، چەند شاشەیەكی تیڤی،
پاسۆرتی كارمەند، چەند هیدفۆنێك، سپیكەر، مۆبایل، و چەندین یوپی ئێس، تا دەگاتە
كەرەستەی زۆر زۆر سادەییش وەك: فلچەی ددان شتن و ئامێری ریشتاشیینی كارمەندان.
دەشڵێت؛ لە رێكخراوی تر
مەكینەی خەیاتی، مەكینەی ئۆڤەرو نەخش و ئوتوو درێل و گسكی كارەباو و جزدان بە
پارەوە و جانتاشیان بردون.
سەنتەری میترۆ ئەوەشیان
خستوەتەڕو، لەگەڵ ئەوەی زانیارییەكان
پشتڕاستدەكرێنەوە، بەڵام توشی سەرسوڕمان بون لەوەی كەس ئامادە نییە بەناوی خۆی و
رێكخراوەكەی لێدوان بدات و نزیكەی دوو
هەفتەیە بێدەنگن.
میترۆ جەختلەوەدەکاتەوە؛
هێرش بۆ سەر ئەو باڵەخانەیەی كە ئۆفیسی چەند رێكخراوێكی ناوخۆی و بیانی لەخۆ
دەگرێت، زەوتكردنی كەرەستەكانی و بردنی بۆ شوێنی نادیار، هیچ بنەمای یاسایی نییەو
پێشێلكاری ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە و ڕێگری لە كاری ئەو ڕێكخراوانە دەكات بۆ
ئەنجامدانی كارەكانیان، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بخاتە زۆنی سور بۆ
كاری رێكخراوی بیانی.
هەروەها
ئەوەشیان پشتڕاستکردوەتەوە، ئەو رێكخراوانە هیچ پەیوەندییەكیان بە ململانێی سیاسی
و چەكداریی ئەم دواییە نییە، تا تا بكرێتە پاساو بەو شێوەیە دەستبگرن بەسەر
كەلوپەلی ئەو رێكخراوانە، داوا دەكات داوای لێبوردنیان لێبكرێت و قەرەبووی
زیانەكانیان بكرێتەوە.
سەنتەرەکە داوا
لە دامەزراوە میدیا سەربەخۆكان دەكات،هەموو لایەنەكان ئۆفیسی ڕێكخراوە ناوخۆیی و
بیانییەكان بپارێزن و پەردە لەسەر ئەم پێشێلكاریانە هەڵماڵن بە زانیاری زیاتر رای
گشتی لێ ئاگاداربكەنەوە.
193 جار خوێندراوەتەوە