گرۆسی: مەترسی شەڕی ئەتۆمی لە جیهان هەیە

KNN : Kurdish News Network
03:36 - 07/09/2025
جیهان
+
-

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاشکرای کرد کە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە، پشکنەرانی ئاژانسەکە نەیانتوانیوە بچنە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ووتیشی" مەترسیی شەڕی ئەتۆمی لە جیهان هەیە".

 

هەواڵ:KNN

رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ئەیلول لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەیەکەی ئیتاڵی رایگەیاند" هێرشەکانی ئەمریکا لە مانگی حوزەیران بۆسەر ئێران،  مەترسیی نوێیان لەسەر زەوی دروستکردوە ".

بە وتەی گرۆسی  وێنەی مانگە دەستکردەکان ئاستێکی بەرزی وێرانکاری لە شوێنەکاندا نیشان دەدەن، بەڵام پشکنەرانی دەزگاکە تا ئێستا تەنها توانیویانە بچنە ناو کارگەی بوشێهر و ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو شوێنە سەرەکییەکانی فۆردۆ و نەتانز و ئیسفەهان.

ناوبراو زیادی کرد: هێشتا دەستمان بە 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراویی لە سەدا60 ی ئێران نەگەیشتووە، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبابەتەوە نیگەرانە.

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند"  بەڵگە هەیە کە ئێران بەشێکی زۆری کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی پێش هێرشەکانی ئەمریکا گواستوەتەوە بۆ شوێنە نهێنییەکان، لەوانەیە بۆ دامەزراوەکانی ئیسفەهان و نەتەنز".

گرۆسی هۆشداریدا لەوەی مەترسی شەڕی ئەتۆمی ئەمڕۆ لە جیهاندا گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە چەند دەیەی ڕابردودا و ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی چەکداماڵین یان کەمکردنەوەی جبەخانەی ئەتۆمی وەستاوە و وڵاتانی زیاتر بەدوای دەستڕاگەیشتن بەو چەکی ئەتۆمیدا رادەکەن.

ڕونیشی کردەوە کە بڕیاربو لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئاژانسەکە سەردانی کۆمەڵگەیەکی گەورە لە ئیسفەهان بکات، بەڵام هەر لەو ڕۆژەدا ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد.


865 جار خوێندراوەتەوە