عێراق؛ داوای کەمکردنەوەی موچەو شایستە داراییەکانی پەرلەمانتاران دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
07:53 - 22/08/2025
کوردستان
+
-

بە گوێرەی راپۆرتی میدیا عیراقیەکان تێچوی دارایی خولی پێنجەمی په‌رله‌مان  گەیشتوەتە زیاتر لەترلیۆنێک‌ دیناری عێراقی و شارەزایانی ئابوریش دەلێن پێویستە شایستە داراییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەم بکرێتەوە تا زیاتر نەبنە بارگرانی بەسەر داهاتی گشتیەوە

 

هەواڵ: KNNC



بە پێی  ئامارەکان کۆی خەرجییەکانی ئەم خولەی پەرلەمان لەماوەی سێ ساڵ‌و نیودا، گەیشتوەتە زیاتر لەترلیۆنێک‌و 910 ملیار دینار، شارەزایانیش دەڵێن ئەوە  لەسەر بودجەی گشتیی وڵات زۆر کەوتوە


به‌گوێره‌ى بەدواداچون‌و خەمڵاندنی  میدیایەکی عێراقی،  تێچوی دارایی خولی پێنجەمی په‌رله‌مان کە لەکانونی دوەمی 2022وە دەستیپێکردوەو تا ناوەڕاستی ساڵی 2025، گەیشتوەتە زیاتر لەترلیۆنێک‌و 910 ملیار دیناری عێراقی.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ماوەیەدا، پەرلەمان 134 دانیشتنی کردوە، بەدابەشکردنی کۆی خەرجییەکان بەسەر ژمارەی دانیشتنەکاندا، دەردەکەوێت کە تێچوی هەر دانیشتنێکی پەرلەمان زیاتر لە 14 ملیار دینار لەسەر خەڵکی عێراق بەگشتی و  بەکوردستانیشەوە کەوتوە.

رونیشکراوەتەوە، تێچوی هەر پەرلەمانتارێک لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوی ئەم خولەدا، گەیشتوەتە پێنج ملیارو 100 ملیۆن دینار.


هەموو ئەم بڕە پارانە خەرجییەکانی نیوەی دوەمی ساڵی 2025 ناگرێتەوە، چونکە خولی پێنجەمی پەرلەمان هێشتا بەردەوامەو لە 15ی مانگی 10ی ئەمساڵ کۆتایی دێت.



لەگەڵ نزیکبونەوەی کۆتایی خولی پێنجەمی په‌رله‌مانى عێراق، چاوەکان لەسەر خەرجی و تێچوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن و هەمو خولێک داوا دەکرێت شایستە داراییەکانی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کەمبکرێتەوە تا بارگرانی لەسەر داهاتی گشتی عێراق کەمتر بێت کەچی خول رادەستی خول دەکرێت و تێچوەکان وەک خۆیانن، ئەو دۆخە شارەزیانی بواری ئابوری هێناوەتە دەنگ و داوای کەمکردنەوەی موچەو شایستە دارییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.



171 جار خوێندراوەتەوە