وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكان دەگۆڕێت

KNN : Kurdish News Network
06:20 - 21/08/2025
کوردستان
+
-

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێكیدا بڵاویكردوەتەوە؛ وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای بەهاناوەچوون کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن.

 

هەواڵ:KNNC

وەك لەراگەیەنراوەكەدا هاتوە؛ پێشهاتێکی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان، لیژنەی باڵای بەهاناوەچون بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.

 

ئاماژە بەوەشكراوە  تاوەکو ئێستا 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستان هەن  و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

 

هاوكات وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوای  بەپەلەی لەبەغداد كردوە ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت و لەوەشدا نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.

 

هەروەها داواشكراوە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

319 جار خوێندراوەتەوە