قاسم ئەعرەجی: ڕێکەوتنی ئەمنیمان لەگەڵ ئێراندا نەکردوە

KNN : Kurdish News Network
10:34 - 14/08/2025
عێراق
+
-

 

 قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: هیچ رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لە نێوان ئێمەو ئێراندا نەکراوە

 

هەواڵ: KNNC


 لە بەیاننامەیەکدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق قاسم ئەعرەجی هەواڵی ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە واژۆکرانی ڕێککەوتننامەی ئەمنی لە نێوان بەغدا و تارانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: هیچ رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لە نێوان دوو وڵاتدا نییە و ئەوەی هەیە یادداشتنامەیەکی لێک تێگەیشتنی ئەمنییە.

قاسم ئەعرەجی لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاوی کردووەتەوە سەبارەت بە هەواڵی واژۆکرانی ڕێککەوتننامەی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێراندا لە کاتی سەردانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ بەغدا ڕایگەیاندوە عێراق تەنیا کۆنووسێکی ئەمنیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆنووسی ئەمنیی نێوان دوو وڵات کە لە 19ی ئاداری 2023 واژۆ کراوە و بە ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش ناسراوە، تایبەتە بە ئاسایشی سنوور و ڕێکارەکانی تایبەت بە سنووردارکردنی چالاکیی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ئێران کە لە هەرێم نیشتەجێن.

باسی لەوەش کردووە هەماهەنگی کراوە بۆ گۆڕینی ئەم کۆنووسە ئەمنییە بۆ یادداشتنامەیەکی لێک تێگەیشتنی ئەمنی کە هەمان ناوەرۆکی هەبێت و بابەتەکانی ئاسایشی سنوور، هاوکاریی ئەمنی و پرسی هەر پێنج حیزبەکەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە خۆ بگرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە کاتی پێویستی خۆی وەرگرت و لە ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو و بە بڕیارێکی ئەنجومەن پەسەند کرا و لە چاوەڕوانیی واژۆکردندا مایەوە"

ئاماژە بەوەش کراوە،  دوای دەستنیشانکردنی لاریجانی وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و سەردانەکەی بۆ بەغدا، یاداشتنامە ئەمنییەکەی لێکتێگەیشتن بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق واژۆ کرا.

ئەم رونکردنەوەی ئەعرەجی دوای ئەوەدێت ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە بونی رێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دەربری و هەردو وڵاتیش وەڵامیان دایەوە

643 جار خوێندراوەتەوە