ئەمرۆ شەممە هێزەکانی سوریایی دیموکرات"
هەسەدە" راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو حکومەتی دیمەشقی تۆمەتبار دەکات بە
پشتیوانی کردنی گروپە چەکدارەکان
هەواڵ: KNNC
لە
راگەیەندراوەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاتوە لە ماوەی ڕابردوودا گروپە
چەکدارەکان زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە،
لەوانە دێرەزوور، دێر حافر، بەنداوی تشرین، تەل تەمەر و گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و
ئەشرەفییەی شاری حەلەب.
دەشڵین: لەو هێرشانەدا چەکی قورس، هێرشی زەمینی و هەوڵی
پەڕینەوە لە ڕووباری فورات بەکارهێنراوە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 11
هاووڵاتیی مەدەنی و زیانێکی زۆر بەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتووە
هەسەدە دەشڵیت: ئەو
گرووپە چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ئێستا لەژێر چەتری
حکومەتدان، بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست لە چەندین ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی
سووریا، هاوکات هۆشداریی دەدات کە ئەم
هێرشانە هەڕەشە لە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دەکەن
هەروەها هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای
دانبەخۆداگرتنیان، بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە متمانەی نێوان لایەنەکان دەخاتە
مەترسییەوە و حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم پێشێلکاریانە لە ئەستۆ
دەگرێت.
لە کۆتایی
ڕاگەیێنراوەکەدا، هەسەدە داوای لە حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکان کرد کە
دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەکان ڕابگرن، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە
چاودێریی ئەم پێشێلکاریانە بکەن و دووپاتیکردەوە کە لە کاتێکدا دەرگای دیالۆگیان
کراوەیە، ئامادەن بۆ گرتنەبەری "هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ماف
و ئاسایشی گەلەکەیان."
438 جار خوێندراوەتەوە