کەی ئێن ئێن زانیاری نوێ لەبارەی موچەی مانگی شەش بڵاو دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
12:15 - 09/08/2025
کوردستان
+
-

 ئەمڕۆ ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیەی لەنێوان هەرێم و بەغداد پێکهێنرابو، دەدرێت بە سودانی، سبەینێ دەبرێتە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

هەواڵ: KNNC

 

بڕیارە ئەمڕۆ ڕاپۆڕتی ئامادەکراوی هەردو لیژنەی هەرێم و بەغداد بدرێت بە سودانی تا لە کۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی بکرێت

 

پاش ئەوەی شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی ئەو شاندەی هەرێم کە چوبونە بەغداد، بە بێ کۆبونەوە لەگەڵ تەیف سامی گەڕانەوە، راپۆرتێکی هاوبەشیان لەگەڵ لیژنەکەی بەغداد ئامادەکرد، بەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن ئەمڕۆ ئەو ڕاپۆرتە دەدرێتە دەست سودانی و سبەینێ دەبرێتە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.


بەپێی زانیارییەکانی بڕیار نامیق، پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، بەغداد گرفتی لەگەڵ ناردنی موچەی مانگی شەش نییە و ئەگەر سبەینێ بەر لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ١٢٠ ملیار داهاتی ناوخۆی هەرێم ڕادەست بکرێت، بڕیاری ناردنی موچە دەدرێت.


هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کەی ئێن ئێن کەوتوە، شاندەکەی هەرێم و لیژنەی داراییەکەی عێراق نەگەیشتونەتە ڕێکەوتن، سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ و تەوتین کردن.

سەرچاوەیەک لە شاندی هەرێم بە کەی ئێن ئێنی ڕاگەیاند:  بەغداد داوادەکات مانگانە ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆیان ڕادەست بکەین، هەرێمیش پێی وایە ئەو بڕە زۆرە و ناتوانن دابینی بکەن، داواکارن کە بڕەکە دیاری نەکرێت مانگانە لەسەر و 90 ملیار دینارەوە ، بۆ بەغداد بنێرن.


سەبارەت بەکێشەی ئەلیکترۆنیکردنی موچە، ئەو شاندەی دارایی عێراق، داوای کردوە لقەکانی بانکی ڕافیدەین لە هەرێم بکرێتەوە و دەستبکرێت بە تەوتین کردنی موچەخۆران، هەرێمیش پێی وایە کە دەبێت بانکی ڕافیدەین بێتە ناو هەژماری من و لە ڕێی هەژماری منەوە فەرمانبەران تەوتین بکرێن.

ئەم کێشانە تا ئێستا وەک خۆی بەردەوامە و گفتوگۆکان بۆ ناردنی موچەی مانگەکانی داهاتو بەردەوام دەبێت.

 

سلێمانی  - بڕیار نامیق

1272 جار خوێندراوەتەوە