سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداری لە گەڕانەوەی حزبی بەعس و
ئەندامەكانی بۆ ناو ژیانی سیاسی دەدات و دەڵێت: بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە یەکێک
لەو کەسانە دزەیان کردۆتە ناو پەرلەمان.
هەواڵ: (KNNC)
نوری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند: بەپێی مادەی حەوتی
دەستوری عێراق، رێگری لە گەڕانەوەی بەعسییەكان بۆ ناو ژیانی سیاسی دەكات هەروەها
رێگری دەكات لە ئەوەی ئەندامەكانی هەر ناوێك یان نازناوێك بەكاربهێنن بۆ
دروستكردنی حزبێكی سیاسی دیكە.
رونیكردوەتەوەكە؛ بڕیارەكە لە وەڵامی قۆناغێکی تاریکی مێژوی عێراقدا هاتوە،
بۆیە بەپشتبەستن بەئەو پرەنسیپە دەستوریە، دەبێت کۆمیسیۆن بەشێوەیەكی دادپەروەرانە
لێپرسینەوە بكات لە ئاشكرا كردنی بەعسییەكان و رێگری لە خۆكاندید كردنیان بگرێت و
بۆئەوەی دوبارە بەشداری نەكەن لە پڕۆسەی سیاسیدا.
رونیكردەوە، نابێت رێگە بدرێت كە ئەندامەكانی حزبی بەعس بگەڕێنەوە، چونكە گەڕانەوەی
ئایدۆلۆژیای بەعس لەڕێگەی کەناڵەكانی یاسادانان، ئەمنییەکان و ئابورییەکان هەڕەشەی
راستەوخۆیە بۆ دەوڵەتی دیموکراسی بێجگە لەئەوەی كە پشتگوێخستنی قوربانیدانی عێراقییەکانە
كە بەرەنگاری ستەمکاری بونەوە و لەوپێناوەشدا باجی قورسیان داوە.
نوری مالیكی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە یەکێک لەو
کەسانەی دزەیان کردۆتە ناو پەرلەمان یان پۆستە حکومییەکانەوە ئەندامی پێشوی حزبی بەعس
بوە، دەبێت دەستبەجێ رێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر بەبێ گوێدانە پێگەی ئێستای یان شێوازی
گەیشتن بە پۆستەکەی.
939 جار خوێندراوەتەوە