ڕاگەیەندراوێک لەوەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە

KNN : Kurdish News Network
08:06 - 11/07/2025
عێراق
+
-


 وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەبارەی پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە؛  چەکدانانەکەی ئەمڕۆ لەچوارچێوەی پابەندبونی ئەو حزبە دێت کە پێشتر ڕاگەیەندرابو بە وازهێنان لە چالاکیی چەکداری دوای زیاتر لە چوار دەیە لە ململانێ.



هەواڵ: KNNC


ئەمڕۆ هەینیی، لەڕێگەی ڕاگەیندراوێکەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە کرد،  بە پێشهاتێکی گرنگی دەزانێت و جەختیش دەکاتەوە، ئەمکارە دەرخەری ئەوەیە حزبی پەکەکە پابەندی ئەوە بوە کە پێشتر رایگەیاندوە.


وەزارەتەکە ئەم هەنگاوەی بە "پێشهاتێکی گرنگ دەزانێت کە نوێنەرایەتی سەرەتایەکی کاریگەرە بۆ پرۆسەی داماڵینی چەک و نوێنەرایەتی دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و بەرزکردنەوەی هەوڵەکانی ئاشتەوایی بەردەوام لە ناوچەکەدا"

هەروەها لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتوە؛ ئەم پڕۆسەیە  بەشداری دەکات لە کۆتاییهێنان بە خولەکانی توندوتیژی و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ لێکتێگەیشتن و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە".

وەزارەتەکە دوپاتی کردەوە "عێراق پشتیوانی تەواو دەکات لەم پڕۆسەیە،  ئەم هەنگاوە وەک پێشەکییەک بۆ قۆناغێکی نوێی هاوکاریی بنیاتنەر لەگەڵ  تورکیا دەڕوانێت، لەسەر بنەمای کردەوەی هاوبەش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، بە شێوەیەک کە سەروەری هەردو وڵات بەرز بکاتەوە و ئاسایش و سەقامگیرییان بپارێزێت".

هیواشیان خواستوە، کە ئەم دەستپێشخەرییە بەشدار بێت لە هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لەسەر  گرژییە سیاسی، ئەمنییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و وەک خاڵی دەستپێکێک بێت بۆ گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانەی ناوچەیی کە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکان بخاتە وو و ئاسایش و گەشەپێدان بەرز بکاتەوە بۆ بەرژەوەندی هەمو گەلانی ناوچەکە.

184 جار خوێندراوەتەوە