کەسایەتییەکى سیاسى نزیک لە سەرۆک وەزیرانى
عێراق هۆشدارى دەدات لە هەڕەشەى گروپەچەکدارەکانى نزیک لە ئێران و دەڵێت: عێراق
دەکات بە گۆڕەپانى شەڕى بەوەکالەت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژینگەى وەبەرهێنان و
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى دروست دەکات.
هەواڵ:KNNC
عائید هیلالى، سیاسییەکى نزیک لە محەمەد شیاع
سودانییە و بە ئاژانسەکانى هەواڵى عێراقى راگەیاندوە؛ هەڕەشەکانى کەتیبەکانى
حیزبوڵا بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا لە ناوچەکە مەترسیدارە و عێراق دەخاتە
نێو گرژییەکانى ناوچەکەوە و نەک تەنها ئەگەرى هێرشەکان بۆسەر عێراق زیاد دەکات،
بەڵکو ئاسایشى وڵاتەکەش دەخاتە مەترسییەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە کە لەئێستادا عێراق لە
هەوڵى بەهێزکردنى پێگەى دیپلۆماسی و سەروەرییەکەیدایە، بەم هەڕەشانە دەبێتە
گۆڕەپانێک بۆ شەڕى بەوەکالەت.
ئەوەشى راگەیاندوە کە داواى حیزبوڵا بە داخستنى
باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە بەغداد قورسایی عێراق کەم دەکاتەوە و لەناوخۆشدا بەرامبەر
هێزە چەکدارەکان بێهێزى دەکات کە ئەمەش لە زیانى وڵاتەکە و لاوازکردنى دەبێت.
86 جار خوێندراوەتەوە