سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: لە كۆبونەوەی گروپی حەوت ترەمپ
نیازی نەبوە دەستوەردانی لە ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بكات و جێگری ترەمپیش
جەخت دەكاتەوە كە؛ سوپای وڵاتەكەی بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن
بەكاردەهێنێت، هاوكات، بڕیار وایە ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی كۆببێتەوە، ئایا
راستەوخۆ بەشداری جەنگ دەكات؟
هەواڵ: (KNNC)
لە میانەی كۆبونەوەی گروپی (G7)
کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند: لە
كۆبونەوەكەیاندا هیچ ئاماژەیەك بەدی نەكراوە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا
نیازی دەستوەردانی لە ململانێكیانی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەبێت، بەپێچەوانەوە لە
راگەیەندراوەكەی گروپی حەوت دوای كەمكردنەوەی گرژییەكان كراوە.
لای خۆشیەوە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە تۆڕی
كۆمەڵایەتی (X) بڵاویكردوەتەوە؛ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی
ئێران ماوەی (10) ساڵە دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی خۆی ئاشكرا كردوە كە نابێت ئەو وڵاتە
ببێت بەخاوەنی چەكی ئەتۆم، بۆ ئەوە مەبەستەش پێدەچێت رێكاری زیاتر بگرێتەبەر.
وتیشی: یەكێكی دیكە لە هەڵوێستەكانی دۆنالد ترەمپ، سەرۆكی
ئەمەریكا پیتاندنی یۆرانیۆمە لەلایەن تارانەوە، كە پێویستە كۆتایی بە ئەو پرۆسەیە
بهێنێت، چونكە ئێستا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئاستی بەرنامەی ئاشتی تێپەڕاندوە.
جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەرۆكی ویلایەتە
یەكگرتوەكانی سوپای وڵاتەكەی بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن بەكاردەهێنێت،
بۆیە ئەوە تەنها ئامانجی كارەكانییەتی.
هاوكات، رۆژنامەی ئاکسیۆس لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بەمەبەستی
تاوتوێكردنی ئەو پێشهاتە نوێیەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هاتوەتە ئاراوە، دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی كۆدەبێتەوە.
537 جار خوێندراوەتەوە