عێراق گروپەچەکدارەکان ئاگادار دەکاتەوە... بەشێک نین لە شەڕى ئێران و ئیسرائیل

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 15/06/2025
عێراق
+
-

سەرۆک وەزیرانى عێراق گروپەچەکدارەکانى نزیک لە ئێرانى ئاگادار کردوەتەوە کە پەیوەندییان بەم هێرشانەى ئیسرائیل بۆسەر ئێرانەوە نەبێت و گروپەچەکدارەکانیش جەخت دەکەنەوە کە نابێت رێگە بدرێت بێدەنگییەکەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکاربهێنرێت.

 

هەواڵ:KNNC


رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بڵاویکردوەتەوە کە لەگەڵ ئەوەى عێراق سکاڵاى دژى پێشێلکردنى سەروەریی وڵاتەکەى لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشکەش بە ئەنجومەنى ئاسایش کردوە، لەگەڵئەوەشدا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکات و بە وردى چاودێرى ئاڕاستەى شەڕەکە دەکات.

 

رۆژنامەکە لە زارى چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکراى کردوە کە محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق پەیوەندیی تەلەفۆنى لەگەڵ سەرکردەى حیزبەکان و گروپە شیعەکان ئەنجامداوە و پێی راگەیاندون کە وڵاتەکە بەشێک نییە لە گرژییەکان و بەشدارى ناکەن لەم شەڕەدا.

 

ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە گروپەچەکدارەکانى نزیک لە ئێران لەگەڵئەوەى تا ئێستا هیچ جموجوڵێکیان نەکردوە، جەخت دەکەنەوە کە ئەم بێدەنگییەیان بەکارنەیەت لە هەڵوەشاندنەوەیاندا.

 

شەرقلئەوسەت لە زارى شێخ کازم فەرتوسى، وتەبێژى کەتائیبى سەیدولشوهەدا بڵاویکردوەتەوە کە عێراق بەشێوەى پێویست وەڵامى بۆ ئەمەریکا نەبوە کە هاوکارییەکى ئاشکراى ئیسرائیل دەکات و وەک باسى لێوەدەکات عێراق تواناى پاراستنى سەروەریی وڵاتەکەى نییە.

55 جار خوێندراوەتەوە