سودانی: بەكارهێنانی خاك و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ رەت دەكەینەوە

KNN : Kurdish News Network
06:03 - 13/06/2025
عێراق
+
-

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت: هێرشكردنە سەر ئێران پێشێلكارییەكی رونی یاسای نێودەوڵەتییە و كارێكی دوژمنكارانەیە، دەشڵێت: بەغداد رەتی دەكاتەوە خاك یان ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێی بەكاربهێنرێت.


هەواڵ: (KNNC)


لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ ستیڤن ڤاگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و ژەنەراڵ كیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی دژی داعش، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: هێرشكردنە سەر ئێران پێشێلكارییەكی رونی یاسای نێودەوڵەتییەو كارێكی دوژمنكارانەیە كە رێساكانی سیستەمی نێودەوڵەتیی تێكدەدات.


وتوشیەتی: هێرشەكە لەكاتێكدایە كە گفتوگۆ و هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەردەوامن، بەڵام ئەو كارانە تەنها  ئارامكردنەوەی دۆخەكە تێكنادات، بەڵكو ناوچەكە بۆ روبەڕوبونەوەی بەفراوانتر رادەكێشێت.


سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بەغداد بەتەواوەتی رەتیدەكاتەوە، خاك یان ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ جێبەجێكردن و ئاسانكاریكردن بۆ هەر هێرشێكی دوژمنكارانە دژ بە هەر دەوڵەتێكی دراوسێ بەكاربهێنرێت، بۆیە ماف و بەرپرسیارێتیی هەیە كە پارێزگاریی لە سەروەریی خۆی بكات بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت هەمو رێكارێكی یاسایی دەگرێتەبەر.

67 جار خوێندراوەتەوە